چەند لایەنێکی شیعە دژی بەربژێرکردنی محەممەد عەللاوین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق

چەند لایەنێکی شیعە دژی بەربژێرکردنی محەممەد عەللاوین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق
راسپێردراوی سەرۆکوەزیران دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و چاودێران کردووە و رایگەیاندووە، ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، داوای بینینی نوێنەری خۆپێشاندەرانیش دەکات تاوەکو بەرنامە و پلانی روونبکاتەوە، بەڵام لەنێو لایەنە سیاسییەکانیش بەرەیەکی لە دژ دروستبووە و بە راشکاوانە دەڵێن، لەگەڵی نین.

قوتەیبە جبوری، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی ھێزە عێراقییەکان دەڵێت "محەممەد عەللاوی پێشتـر کەسێکی بازرگان بووە بەرلەوەی سیاسی بێت، ئێستاش بازرگانەکان بوونیان ھەیە لە ھەموو کات و ساتێکدا، بەدڵنیایەوە دەخزێنە نێو پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت، ئەمە پشکی فڵانە و ئەمە پشکی فڵانە، تەنانەت گەر رایانگەیاند کە کابینەیەکی سەربەخۆیە من بە گەلی عێراقی دەڵێم باوەڕیان پێمەکەن".

سائیروونی موقتەدا سەدر و فەتحی ھادی عامری دوو لایەنی بەھێزی پشتیوانی محەممەد تۆفیق عەللاوین کە دەتوانن بیگەیەننە سەر کورسیی سەرۆکوەزیران، ھیچکام لەو وەزیرانەی ئێستا چانسی بەردەوامییان نییە و دەگۆڕێن.

بەدر ئەلزیادی، پەرلەمانتاری سائیروون دەڵێت "بە دڵنیاییەوە لە کابینەی نوێدا گۆڕانکاری دەکرێت، تاوەکو کابینە وزارییەکە سەربەخۆبێت بێ دەستوەردانی کوتلە سیاسییەکان، وەزیرەکان لەسەر بنەمای پسپۆڕی و پیشەیی دەستنیشاندەکرێن".

کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بڕیارە بەم شێوەیە بێت، سەرجەم پێکھاتەکان بەشداردەبن تێیدا، بەڵام بەربژێرەکان لە حیزبەکان وەرناگیرێن بەڵکو راستەوخۆ ناوەکانیان پێشکەشدەکەن، دواجار محەممەد عەللاوی بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات.

فارس بریفکانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد "دەبێت رێککەوتن و کاری ھاوبەش و هاوسەنگی ھەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئەگەر ئەو سێ مەبدەئە ھەبێت و جێبەجێ بکرێن، فراکسیۆنە کوردستانییەکان ھیچ تێبینی و ناڕەزایەتییەکیان نابێ، ئێمە چاومان لەوەیە سەرۆکوەزیرانی نوێ کاری دەستووری بکات، مافی کوردستان و نەتەوەی کوردی لەبەرچاوبێت".

پەرلەمانی عێراق کە ئێستا لە پشووی وەرزی یاسادانانە، بەڵام سەرۆکایەتییەکەی دەڵێن چاوەڕێی پێشکەشکردنی کابینەی نوێ دەکەن، ھەرکات سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ئامادەبێت ئەوان ئامادەن.
Top