خۆپێشاندەران رێگە سەرەکییەکانی ناسریەیان داخست
کاژێر 09:00ـی ئەمشەو چەند چەکدارێکی نەناسراو بۆمبێکی دەنگییان خستە نێو خۆپێشاندەرانی حەبووبی کە سەرقاڵی رێوڕەسمێک بوون بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خۆپێشاندەران.
ئەمجەد ئەکرەم، خۆپێشاندەرێکی گۆڕەپانی حوبووبی راگەیاند، "ئۆتۆمبێلێکی سایبەی رەنگ زەرد بۆمبێکی دەنگی فڕێدایە نێو رێوڕەسمەکەمانەوە کە بۆ بەرزبوونەوەی ورەی خۆپێشاندەران سازمانکردبوو. دوای ئەوەش دەنگی تەقەیەکی زۆر لەسەر پردی شارستانییەت (حەزارات) بیسترا".
بە گوتەی ئەو خۆپێشاندەرە، پۆلیس هیچ هەڵوێستێکی نەبووە و بەوهۆیەشەوە ئەوان بۆ داخستنی هەموو رێگەکان دەستیان بە سووتاندنی تایە کرد.
رووداوەکانی ئەمشەوی ناسریەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشەی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە پارێزگای نەجەف کردوویانەتە سەر خۆپێشاندەران.
ئەمە لەکاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە ئازادی رادەربڕین بۆ هەموو عێراقییەکان فەراهەمبکرێت و هەڕەشەکردن لەوانەی بۆچوونەکانی خۆیان دەردەبڕن قەیرانی عێراق درێژتردەکاتەوە و ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانی خەڵک دروستدەکات.