خۆپیشاندەرانی عێراق گاڵتە بە موقتەدا سەدر دەكەن

خۆپیشاندەرانی عێراق گاڵتە بە موقتەدا سەدر دەكەن
خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە بەغدا و شارەكانی تری باشووری عێراق بە شێوەیەكی بەرفرەوان دەستی پێكردووەتەوە، ئەویش لە دژی راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و هەڵوێستی ئەم دواییەی موقتەدا سەدری ڕێبەری سەدرییەكان لە دژی خۆپیشاندەران، لەمبارەیەشەوە گاڵتە بە هەڵوێست و لێدوانەكانی سەدر دەكەن.

لە دوێنێ یەكشەممەوە خۆپیشاندەرانی عێراق دژی هەڵوێستە جۆراوجۆر و دەمدەمییەكانی سەدر راپەڕیون و دەڵێن بۆمان دەركەوتووە تۆش یەكێكی لە سیاسییە تێوەگلاوەكان و جیاوازیت نیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دوای 2003ی عێراق.

لەمبارەیەوە كەناڵی (ئەلحورە) لە راپۆرتێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵوێست گۆڕینی خۆی لە دژی خۆپیشاندەران، بیانووی بە "یاسای ئاسمانی" هێنابووەوە، ئێستا خۆپیشاندەران بە دروشمی ئەوەی "خۆت بە نێردراوی خوا و ڕزگاركەر دەزانی؟"، گاڵتە بە لێدوان و هەڵوێستە سیاسییەكانی سەدر دەكەن و دەڵێن چیتر ناتوانێ بیانخەڵەتێنێ.

خۆپیشاندەران هەروەها رەخنەی توندیان لە سەدر گرتووە بەوەی لە ڕێگەی بەكارهێنانی چەمكی "یاسا ئاسمانییەكان"، یاسا و دەستووری عێراقی پێشێل كردووە، لە خۆڕا فەرمان بە هێزە ئاسایشییەكانی عێراق دەكات، بە بێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن دەوڵەت و یاساوە پێدرابێت.

ئێستا چالاكوانانی عێراق وای دەبینن سەدر دەسەڵاتی ئاینی و دەسەڵاتی سیاسی تێكەڵ كردووە و خۆی بەسەر دەوڵەتی عێراقدا سەپاندووە، لەم ڕووەشەوە میلیشیا چەكدارە شیعییەكانی خۆی بەكاردێنێ بۆ دەست بەسەرداگرتنی تەواوەتی دەسەڵات و دەمكوتكردنی دەنگە ناڕازی و جیاوازەكان.

Top