حەشدی شەعبی: ئێمە عەللاویمان بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت کاندید نەکردووە
حەسەن شاکر کەعبی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، پێویستە محەمەد تۆفیق عەللاوی سوود لە ئەزموونەکانی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی وەربگرێت.
حەسەن شاکر کەعبی رەتی کردەوە هاوپەیمانیی فەتح محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێ کاندید کردبێ و رایگەیاند، ”ئێمە تەنیا رەزامەندیمان لەسەر راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی دا“.
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانیی فەتح پێشبینی کرد لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێک بهێندرێت.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز