سەدر داوای دورخستنەوەی دەنگی "توندڕەوان و خراپەکاران" لە خۆپیشاندانەکاندا دەکات
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژی 2ی شوبات بڵاویکردوەتەوە رونیکردوەتەوە، "خۆپیشاندانەکانم بە هەمو ساتەکانی خۆشدەوێت و رێگەنادەین هێرشیانبکرێتەسەر و لە قەناس بەدەستەکان و خراپکارەکان دەیانپارێزین".
پێویستە دەنگی توندوتیژی و خراپکاری رابگیرێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەبێ سوتاندن، داخستنی رێگاوبانەکان و یاخیبون خوێندکاران بابگەڕێنەوە بۆ خوێندنگاکان و فێری زانست و رۆشنبیری ببن، خوشک و برایانم دۆخی ئێستای عێراق لە مەترسیدایە بۆیە پێویستە دەنگی توندوتیژی و خراپکاری رابگیرێت".
کڵاوشینەکان لەگەڵ براکانیان لە هێزە ئەمنییەکان ئاسایشی وڵات، گەل و ئارامی دەپارێزن
رابەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردوە، گروپی کڵاوشینەکان لەکارەکانی خۆیان بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن و خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ناکەنە ئامانج، بەڵکو لەگەڵ براکانیان لە هێزەئەمنییەکان ئاسایشی وڵات، گەل و ئارامی دەپارێزن.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دوێنێ لە بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکان خۆپیشاندان دژی ئەو بڕیارە بەڕێوەدەچو و خۆپیشاندەران کاندیدکردنی عەلاویان رەتدەکەنەوە.
بە دروشمی ئێمە گەلێکین شەهیدەکان رابەرایەتیمان دەکەن، بەشێک لە خۆپیشاندەران کاندیدکردنی عەلاوی رەتدەکەنەوە
هاوکات خۆپیشاندانەکەی دوێنێ بە دروشمی "ئێمە گەلێکین شەهیدەکان رابەرایەتیمان دەکەن" هەروەها بە دروشمی "نیشتیمانەکەمان دەوێت" لە گۆڕەپانی تەیران لە ناوەڕاستی بەغدا لە دیوانیە و زیقار و کەربەلا بەردەوام بو.
خەندان