هاوپه‌یمانى فه‌تح: دەمانەوێت حكومه‌تێكى به‌هێز و بێلایه‌ن پێکبهێندرێت

 هاوپه‌یمانى فه‌تح: دەمانەوێت حكومه‌تێكى به‌هێز و بێلایه‌ن پێکبهێندرێت
ئەندامێکی هاوپه‌یمانى فه‌تح لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ پاڵێوراوێك بۆ كابینه‌ى نوێی وه‌زاری پێشكه‌ش ناكات، کە لەلایەن محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی سەرۆکایەتی دەکرێت، دەشڵێت، "دەمانەوێت حكومه‌تێكى به‌هێز و بێلایه‌ن پێکبهێندرێت".

فازل فه‌تلاوى، ئەندامی هاوپه‌یمانى فه‌تح لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسى هه‌واڵى عێراقی راگه‌یاندوە، هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى هیچ پاڵێوراوێك بۆ كابینه‌ى نوێی وه‌زاری پێشكه‌ش ناكات، "ئه‌وه‌ى گرنگه‌ لاى هاوپه‌یمانى فه‌تح پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز و بێلایه‌نه‌ توانى ئه‌وه‌ى هه‌بێت كه‌شێكى له‌بار بڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خته‌".

ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى باس له‌ واژۆکردنی نوسراوێك ده‌كات له‌ لایه‌ن فه‌تحه‌وه‌ به‌دانانى چه‌ند مه‌رجێك بۆ عه‌لاوى پێش راسپاردنى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت دوره‌ له‌ راستیه‌وه‌


ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى باس له‌ واژۆکردنی نوسراوێك ده‌كات له‌ لایه‌ن فه‌تحه‌وه‌ به‌دانانى چه‌ند مه‌رجێك بۆ محمه‌د ته‌وفیق عه‌لاوى پێش راسپاردنى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت دوره‌ له‌ راستیه‌وه‌".

ئێوارەی یەکی ئەم مانگە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق نامەی راسپاردنی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێشکەشی محەمەد تۆفیق عەلاوی کرد.

ه‌لاوى له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ راسپێردراوه‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆبوه‌وه‌ و هه‌موان رێكکه‌وتن له‌ سه‌ری


پەرلەمانتارەکەی هاوپه‌یمانى فه‌تح باسی لەوەشکردوە، "عه‌لاوى له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ راسپێردراوه‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆبوه‌وه‌ و هه‌موان رێكکه‌وتن له‌ سه‌ری، بەڵام له‌لایه‌ن فه‌تح و سائیرونه‌وه‌ دیارینه‌كراوه‌".

جەخت دەکەینەوە لە رەخساندنی گەورەترین دەرفەتی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان و دەستپێکردنەوەی پڕۆژە پیشەسازییەکان و بەگەڕخستنەوەی وەربەرهێنان


محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە وتارێکدا دوای راسپاردنی رایگەیاند، "جەخت دەکەینەوە لە رەخساندنی گەورەترین دەرفەتی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان و دەستپێکردنەوەی پڕۆژە پیشەسازییەکان و بەگەڕخستنەوەی وەربەرهێنان، بە جۆرێک پشت بەستن بە نەوت کەمتر بکەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "جەخت لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی دەستە ئابورییە جیاوازەکان و لێکۆڵینەوە لە ئاسایش و ئارامی گەل و هاوڵاتیان دەکەینەوە، هەروەها عێراق دەپارێزین لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و رێگەنادەین ببێتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی ململانێکان".

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو رونیکردەوە، "گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران دەستپێدەکەین بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتنی وڵات بە کەناری ئارامی، بەڵێن دەدەین خۆپیشاندەران بپارێزین و بێتاوانەکان ئازاد بکرێن".






خەندان
Top