عەللاوی ھۆشداری دەدات
محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق، لە پەیامێكدا بۆ خۆپیشاندەران ئاماژە بەوە دەكات، خۆپیشاندانەكان ئەنجامی باشیان ھەبووە، وایكردووە یاسای نوێی ھەڵبژاردنەكان دەربكرێت و كۆمسیۆنێكی نوێی ھەڵبژاردنەكان پێكبێت. ھەروەھا وایكردووە، كەسانی دووبارەی ناو گۆڕەپانی سیاسەت دووبارە نەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو یەكێك لەو كەسە سەربەخۆیانە بووە، كە لەلایەن پەرلەمانتاران و خۆپیشاندەرانەوە پێشنیاز كراوە.
عەللاوی، لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردووە، كەسانێگی گەندەڵ خەریكی دروستكردنی پروپاگەندە و ئاژاوەن، بۆیە داوا لە ھەموو خەڵكی عێراق و خۆپیشاندەران دەكات، بەرامبەر ئەو كەسانە یەكگرتووبن و رێگە نەدەن پڕوپاگەندە كاریان تێبكات، چونكە ئاژاوەی زیاتر عێراق بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات و دوایدەخات و ئەو دەستكەوتانەش كە بەدەستھاتوون، دەیانخاتە مەترسییەوە.
ئەو پەیامەی عەللاوی، لە كاتێكدایە بەشێك لە خۆپیشاندەران راسپاردنی ناوبراو بۆ سەرۆك وەزیران رەتدەكەنەوە.
K24