عەبدولمەهدی بە محەممەد عەللاوی راگەیاند بەکارهێنانی هەندێک لە دەسەڵاتەکانی رادەگرێت
رۆژی یەکشەممە 2-2-2020، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق سەردانی محەممەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد بۆ پیرۆزباییکردن لێی بەبۆنەی راسپاردنی بۆ ئەو پۆستە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات، بەپێی دەستوور و بەشێوەیەکی تەواو دیموکراسیانە، پشتیوانیکردن لە حکومەتی داهاتوو و سەرکەوتنی پرۆسەکە و دانان و جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاری.
لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ عەللاوی دووپاتکردەوە لە ماوەی پێکهێنانی حکومەت و هاوکاریکردنی تەواو بۆ گەرەنتی و گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاشتییانە بەشێوەیەکی پتەو و بەپێی میکانیزمەکانی دەستوور و دیموکراسی.
عادل عەبدولمەهدی بۆ عەللاوی دووپاتکردەوە، لە ئەمڕۆوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا هەموو دیدار و بڕیارە گرنگ و ستراتیژییەکانی رادەگرێت وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەترسی ئەوەی ئەو دیدار و کۆبوونەوە و بڕیارانە نەوەک کاریگەری بکاتە سەر ئەو سیاسەتەی کە حکومەتی راسپێردراو بەمنزیکانە رادەگەیێنێت، بۆ دەرفەتدانە بەو حکومەتە نوێیە تاوەکو سیاسەت و پلانی ئایندەی خۆی بخاتەڕوو.
عەبدولمەهدی دووپاتیکردەوە کە لە ئامادەباشیی تەواودایە تاوەکو دەستبکات بە رادەستکردنی دۆسیەکان بە تیمی نوێی حكومەت، تاوەکو سەرکردایەتی بگرێتەدەست، بەپێی دیدگای سەرۆکوەزیران و بەرنامەی نوێی وەزاری، لەگەڵ بەردەوامیدان بە پێشکێشکردنی پشتگیری و پشتیوانیی تەواو بۆئەوەی لە کارەکەیدا سەربکەوێت.