رۆژنامەیەکی بەریتانی: بەهۆی هەڕەشەکانەوە هیچ مەسیحییەک لە عێراق نامێنێت

رۆژنامەیەکی بەریتانی: بەهۆی هەڕەشەکانەوە هیچ مەسیحییەک لە عێراق نامێنێت
رۆژنامەیەکی بەریتانی لە راپۆرتێکد باس لەوە دەکات، کە بەهۆی هەڕەشەی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەکانەوە، هیچ مەسیحییەک لە عێراق نامێنێت.

لە راپۆرتەکەدا، رۆژنامەی (سەندەی تەلەگراف)، تیشکی خستووەتە سەر ژیانی مەسیحییەکان لە عێراق و ئەو هەڕەشانەی وایان لێدەکات وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کڵێسای سانت جۆزێف لە بەغدا چۆڵ بووە و لە کۆی 500 خێزانی مەسیحی لە دەوروبەری کڵێساکە، 450 خێزان روویان کردووەتە دەرەوەی عێراق.

نووسەری راپۆرتەکە ئاماژەی بە نەبوونی دەسەڵاتی یاسا لە عێراق و بڵاوبوونەوەی هزری تائیفی کردووە و بە دوو هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق، هەژمار کردوون.

یەک ملیۆن و 500 هەزار مەسیحی بەر لە رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە عێراق بوون، و رۆژنامە بەریتانییەکەش ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرینەیان عێراقیان بەجێ هێشتووە.

نووسەری راپۆرتەکە مەترسیی خۆی لەوە نیشان دەدا، کە هەڵمەتێکی دیکەی هاوشێوەی 10 ساڵ پێش ئێستا، کە چەندین کڵێسای مەسیحییەکان لەلایەن میلیشیا و گرووپە توندڕەوەکان سووتێندران، بکرێتەوە سەر ئەو مەسیحییانەی لە عێراق ماون.

بەشێکی زۆری مەسیحییەکانی عێراق، بە تایبەت مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکانی عێراق، وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و هاوشانی مەسیحییەکانی کوردستان، بە ئاشتییانە لەگەڵ کوردانی مسوڵمان و نەتەوە و ئاینەکانی دیکەی کوردستان، دەژین.










باسنيوز
Top