سەرۆک وەزیرانی نوێ رکابەرییەکی سەختی لەگەڵ نوری مالیکی هەیە
سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق رکابەرییەکی سەختی لەگەڵ سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، هەیە.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
بەشێک لە ژیاننامەی محەمەد تۆفیق عەللاوی:
- لە ساڵی 1954 لە بەغدا لە دایک و باوکێکی شیعەمەزهەب لەدایک بووە.
- خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا تەواو کردووە.
- لە ساڵی 1977 و لەو کاتەی قوتابیی قۆناغی کۆتایی کۆلێژی ئەندازیاری بووە، بەهۆی مەترسیی دەستگیرکردنی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، عێراقی بەجێ هێشتووە و چووەتە بەیرووت.
- لە ساڵی 1980 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت، بەدەست هێناوە.
- کەسێکی شیعەی دیندار بووە و نزیک بووە لە محەمەد باقر سەدری زانای ناوداری شیعەی عێراقی.
- ئەو کاتەی لە بەغدا بووە، بیری ئیسلامی هەبووە و بووەتە ئەندامی حزبی دەعوە، بەڵام بەهۆی جیاوازبوونی بیروبۆچوونی لەگەڵ محەمە باقر سەدر، لەوحزبە هاتووەتە دەرەوە و خەباتی بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی، کە تێیدا دین و دەوڵەت لێک جیابکرێنەوە، کردووە.
- دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، گەڕاوەتەوە عێراق و لە لیست و هاوپەیمانییەکانی ئەیاد عەللاوی، بەشداریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کردووە.
- لە ساڵی 2006 بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرا و دواتر کرایە وەزیری گواستنەوە، لە ساڵی 2007 دەستی لە پۆستەکەی لە وەزارەتی گواستنەوە، کێشایەوە.
- لە ساڵی 2008 وەک پەرلەمانتار گەڕایەوە پەرلەمانی عێراق.
- لە ساڵی 2010 بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرایەوە و دواتر لە هەمان ساڵدا کرایەوە وەزیری گواستنەوە و لە ساڵی 2012 جارێکی دیکە دەستی لە پۆستەکەی لە وەزارەتی گواستنەوە، کێشایەوە.
- دوو جار بەهۆی ”دەستوەردانی نوری مالیکی لە کاروباری وەزارەتەکەی“، داواکاریی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش کردووە.
- لە ساڵی 2012 بەشداریی لە دوو کۆبوونەوە لە هەولێر و نەجەف بۆ لەسەرکارلادانی نوری مالیکی، کردووە.
- بە داوای نوری مالیکی، دادگای ئەوکاتی عێراق بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی، بڕیاری حەوت ساڵ زیندانیکردنی داوە.
- لە 2012 جارێکی دیکە عێراقی بەجێ هێشتووەتەوە و چووەتە دەرەوە.
- لە 2014 و دوای لەکار لاچوونی نوری مالیکی، گەڕاوەتەوە عێراق و دادگا بڕیارەکەی لەدژی هەڵوەشاندووەتەوە.
- خاوەن هەردوو رەگەزنامەی بەریتانی و عێراقییە.
نوری مالیکی، سەرۆکی ئێستای دەعوە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا،لە ساڵی 2006-2014 بۆ دوو خول، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز