سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق خۆپێشاندەران بەسەر دووبەرەدا دابەشدەکات
دکتۆر عەلی عەبدوللەتیف، سێ مانگە رۆژەکانی تەرخانکردوە بۆ ھاوکاریکردنی خۆپێشاندەران، رۆژانە وەک خۆی دەڵێت، "بەخۆڕایی پێشوازی لە زیاتر لە 100 خۆپێشاندەر دەکات". ھەرچەندە بە ئومێدەوە لە داھاتوویان ناڕوانێت، بەڵام وایدەبینێت بەربژێکردنی محەممەد تۆفیق عەللاوی بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەھدی لەنێوان ئەو ناوانەی دەگوترێن باشترینە.
دکتۆر عەلی عەبدوللەتیف راگەیاند "لەم دوو رۆژەی دواییدا گوشاری زۆرمان لەسەر بوو بەهۆی بەربژێکردنی بەڕێز محەممەد عەللاوی، چونکە فراکسیۆنە گەورەکان گوشاریان دەکرد بۆ رەتکردنەوەی ئەم بەربژێرە کە ئەو باشترینی خراپەکانە بۆ ئێمە، بەڵام ئەو باشترە لەوانەی ئەوان".
لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان بۆچوونی جیاواز ھەن، وەک ھەمیشە زۆرینەیان دژی ئەو ناوانەن کە لە رابردوودا بەرپرسیارێتیان ھەبووە، محەممەد تۆفیق عەللاویش ھەر وا دەبینن کە بەشداربووە لەو وێرانەیەی تێیدا دەژین .
عەمار، خۆپێشاندەر دەڵێت "ئێمە نامانەوێت، هەرجارە و بەربژێرێک پێشکەشدەکەن، چی محەممەد تۆفیق عەللاوی بێ یان هەر کەسێکی دیکە، ئێمە لە حیزبەکانمان ناوێ، ئێمە لە گۆڕەپانی تەحریرمان دەوێ، لە گۆڕەپانی مانگرتن، ئەوەی لە ئێمەوە هەڵقوڵێ و سەرۆکوەزیران لە ئێمە بێت".
عەباس موحسین، خۆپیشاندەرێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەدات "ئەم گەلە بەتێکڕا راپەڕیوە، بەتێکڕا دەڵێین ئەم خەڵکەمان ناوێ، خەڵکێکن بە کەڵکی ئێمە نایەن و ماندووکەرن و حیزبین و هەموو شتێک، هەر شتێکی ئەوان وەک ئەوانە، نامانەوێ".
سائیروونی موقتەدا سەدر رەتیدەکاتەوە دەستیان لە دەستنیشانکردنی محەممەد عەلاوی ھەبووبێت و بەشداری ھیچ کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکیان لەو بارەوەیە کردبێت.
جەواد مووسەوی، پەرلەمانتاری سائیروون راگەیاند "بە راشکاوانە سائیروون هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی و هیچ حیزبێک نەکردووە، تایبەت بە بەربژێکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لە هیچ کۆبوونەوە و هیچ دانووستاندنێکدا بەشدار نەبووە".
محەممەد تۆفیق عەللاوی پێشتر پەرلەمانتاربووە و لە سەردەمی حوکمی نووری مالکیش وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق بووە، ھەرچەندە ئێستا راسپێردراوە بۆ چوونەسەر کورسی سەرۆکوەزیران، بەڵام رەزامەندی تەواوی خۆپێشاندەرانی بەدەستنەھێناوە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 01-02-2020) د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بەفەرمی محەممەد عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت راسپارد.