موقتەدا سەدر: گەل سەرۆکوەزیرانی خۆی هەڵبژارد نەک لایەنە سیاسییەکان
ئەم هەڵوێستەی موقتەدا سەدر هاوکاتە لەگەڵ راسپاردنی محەممەد تۆفیق عەللاوی کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راسپێردرا.
ئەمڕۆ شەممە موقتەدا سەدر لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکرێت کە گەل سەرۆکوەزیرانی خۆی هەڵبژارد نەک لایەنە سیاسییەکان، ئەمەش هەنگاوێکی باشە و لە ئایندەدا بەهێزتر دەکرێت".
موقتەدا سەدر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ ئێمەی خۆپێشاندەر پابەندین بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە لەپێناو تەواوکردنی کابینەی حکومەتی سەربەخۆدا کە لە گەلەوەیە و بۆ گەل دەبێت. ئەمڕۆ چاوەڕوانین لە برا محەممەد تۆفیق عەللاوی ملکەچی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نەبێت، بەرنامەکەی رابگەیەنێت و پەلە بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەوڵ بۆ سەروەریی و سەقامگیریی عێراق بدات".
رابەری رەوتی سەدر جەختیش لەوە دەکاتەوە، "رێگە لە هەموو ئەو کەسانە دەگرم کە شوێنکەوتووی منن لە حکومەت و نابێت نە لە دوور و نە لە نزیکەوە کاریگەرییان لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەبێت. بەڵێ، ئەگەر محەممەد تۆفیق عەللاوی پاڵپشتیی بوێت بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە، ئەوا من و گەل ئامادەین بۆ پاڵپشتیکردنی. ئەگەر لە پێکهێنانی کابینەکەی شکستیشیهێنا، ئەوا من و گەل دژی تایەفەگەری و حیزبین".
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 01-02-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد تۆفیق عەللاویی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت راسپارد.
هەروەها ئەمشەو حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایگەیاند، "ئێمە بەشێک نیین لە سیناریۆی راسپاردنی هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران".
بەگوێرەی زانیارییەکان، راسپاردنی محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بە رێککەوتنی هاوپەیمانیی سائیروونی سەر بە رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری کراوە.