میدیای عێراقی: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلا دەکرێتەوە

میدیای عێراقی: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلا دەکرێتەوە
میدیای عێراق لە زاری سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بڵاویان کردەوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەرکۆماری عێراق کەسێک بۆ پێکهێنانی کاندیدی تازەی عێراق رادەسپێرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کوتلە سیاسییەکانی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ڕاگوزەری عێراق بکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق ڕای دەسپێرێت.

لەمبارەیەوە حەسەن کەعبی، سەرۆکی کوتلەی بەدری سەر بە هادی عامری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاندووە، لە چەند سەعاتی داهاتوودا بەرهەم ساڵح کاندیدێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق رادەسپێرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کوتلە سیاسییەکان نووسراوێکی ئاراستە دەکەن و تێیدا ناوی کاندیدەکەیان هەیە.

هاوکات کازم سەیادی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی داوە کە هێزە سیاسییەکان لەسەر دەستنیشانکردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی داهاتوو ڕێککەوتوون.

لە بەرامبەر ئەم زانیارییانە، ریاز مەسعودی، ئەندامی هاوپەیمانیی سائیرون رای گەیاندووە کە تاوەکوو ئەمڕۆ شەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٠، ڕێککەوتن لەسەر هیچ کەسێک بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی عێراق نەکراوە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو فشارەی هەندێک کوتلە دەیخەنە سەر کاندیدانی سەرۆکایەتیی حکوومەت، وایکردووە نەتواندرێت ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پۆستەکەوە بکرێت. هەروەک گوتوویەتی: “هەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید دەکرێت، کوتلە سیاسییەکان بە دۆسیەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان و خزمەتگوزارییەکان و هەڵبژاردنی پێشوەختە فشاری لێ دەکەن”. جەختیشی کردووەتەوە کە ئەگەر کوتلە سیاسییەکان سازش لە مەرجەکانیان بکەن، دەتواندرێت کەسێک کاندید بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرهەم ساڵح ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، نامەیەکی ئاراستەی هێزە سیاسییەکان کردووە و داوای کردووە تاوەکوو ئەمڕۆ شەممە، کەسێک کاندید بکەن.












باسنيوز


Top