وەزارەتی کارەبای عێراق داوای زیادکردنی نرخی کارەبای هاووڵاتییان دەکات
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی کارەبا داوای سێ داواکاریی لە دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن کردووە کە نەخشەڕێگەیەکیان بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبا لە عێراق پێدادەڕێژێت".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەوەی خستەڕوو، "داواکاریی یەکەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی یاسای کۆمپانیاکان بەشێوەیەک عێراق ببێتە ژینگەیەک بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی جیهانی بۆ ئەوەی لە پێشخستنی کەرتی وزەدا هاوکاربێت. داواکاریی دووەمیش ئەوەیە کە مەرجە لە 75%ـی کارمەندانی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان هاووڵاتی عێراقی بن و سەرمایە وەگەڕخراوەکانی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانیش لە نێوخۆی عێراق بن".
ئەحمەد عەبادی ئاشکراشی کرد، "داواکاریی سێیەم بریتییە لە زیادکردنی نرخی فرۆشتنی تەزووی کارەبا بە هاووڵاتیان، چونکە ناکرێت نرخی کارەبا لە 93% لەلایەن حکومەتەوە بدرێت، لەکاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە عێراقدا ساڵانە 12 ملیار دۆلارە. هاوکات دوو ملیۆن و 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە عێراقدا پارەی کارەبا نادەن".
لە جەنگی داگیرکردنی کوەیتەوە لەلایەن عێراق لە ساڵی 1990ەوە کەرتی کارەبا لە عێراق دووچاری گرفتی زۆر بووەتەوە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە رۆژانە کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوڵاتییان دابینبکەن.