نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: بارودۆخی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: بارودۆخی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
نێردەی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایدەگەیەنێت، کە بارودۆخی عێراق و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-1-2020، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە بەیاننامەیەکدا، داوای چاکسازیی بنەڕەتی بۆ کیشەکانی عێراق و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، کردووە.

جێنین پلاسخارت پێی وایە ئەگەر توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەردەوام بێت، ئەوا کۆتایی بە کێشەکان نایەت و قوربانیی زیاتر دەکەوێتەوە.

نێردەی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریی داوەتە حکوومەت و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و رایگەیاندووە، كوژرانی به‌رده‌وامی گه‌نجانی خۆپیشاندەر ”قبووڵ ناکرێ“.

جێنین پلاسخارت جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەکارهێنانی توندوتیژی و چەک دژی خۆپیشاندەرانی عێراقی ”گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار“ و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکا رێز لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بگرێت.

نێردەی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داواش دەکا چارەسەرێکی سیاسیی بۆ رەوشی ئێستای عێراق و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بدۆزرێتەوە.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.











باسنيوز


Top