وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن تاوتوێی دەرهاوێشتەکانی گرێبەستی سەدە دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن تاوتوێی دەرهاوێشتەکانی گرێبەستی سەدە دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی کۆماری عێراق و شانشینی هاشمیی ئوردن دەرهاوێشتەکانی گرێبەستی سەدە لەسەر وڵاتەکانیان و ناوچەکە، تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-1-2020، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوە بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کردووە.

لەو گفتوگۆیەدا، محەمەد حەکیم و ئەیمەن سەفدی تاوتوێی دەرهاوێشتەکانی گرێبەستی سەدەیان لەسەر وڵاتەکانیان بە تایبەت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، کردووە.

رۆژی سێشەممە 28-1-2020، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی گرێبەستی سەدەی راگەیاند، کە پلانێکی نوێیە و مافی دامەزراندنی دەوڵەت بە فەلەستینییەکان دەدات و قودس (ئۆرشەلیم) وەک پایتەختی ئیسرائیل پێناسە دەکات.

پلانەکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵام تا ئێستا فەلەستینییەکان رەتی دەکەنەوە.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، گرێبەستی سەدە تەنیا تایبەت نییە بە ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەو گرێبەستەوە، کە ئەمریکا چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکات، عێراق بەسەر سێ وڵاتی کوردستان، سوننە و شیعەدا دابەش دەبێت.










باسنيوز

Top