حەشدی شەعبی هەڕەشەی ئەمەریکا بۆ عادل عەبدولمەهدی ئاشکرا دەکات
هاوکات، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەمەریکییەکان لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمان ژمارەی هێزەکانی لەو وڵاتە زیاتر کردووە.
کەمال حەسناوی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی ئەبدالی عێراقی رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر رووبەڕووی گوشارێکی زۆری ئەمەریکییەکان بووەتەوە، بۆ ئەوەی رێگە بەمانەوەی هێزەکانیان لە عێراق بدات.
ئەمینداری گشتی بزووتنەوەکە روونیکردووەتەوە، ئەمەریکییەکان هەڕەشەی دابەشکردنی عێراق و پێکهێنانی هەرێمێکی سوننییان لە سەرۆکوەزیران کردووە لە ئەگەری دەرچوونی هێزەکانیان لەو وڵاتە.
سوننەکان هەرچەندە بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی سوننی تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام ئەوان بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە، سەبارەت بە راستی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی سوننیش، جاسم حەنوون شارەزای بواری ئەمنی رایگەیاندووە، ئەمەریکییەکان بە پشتیوانی وڵاتانی کەنداو کار بۆ دابەشكردنی عێراق بۆ چەند هەرێمێک دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی، پێنج هەزار سەربازمان لە وڵاتی عێراق جێگیرکردووە ،بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەمان کەمدەکەینەوە
لەبەرامبەردا بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە، ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمان زیادیکردووە لەبری ئەوەی کەم بکات، ئەو کارەی ئەمەریکییەکانیش جێگەی نیگەرانی و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیار لەسەر پڕۆژەیاسای رێگریکردن لە بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بە عێراق بدات، کە لە ساڵی 2002 پەسندی کردبوو.
K24