تەقینەوەیەک لەناو گۆڕەپانێکی خۆپیشاندەرانی بەغدا رووی دا
تەقینەوەیەک لەناو گۆڕەپانێکی خۆپیشاندەرانی بەغدای پایتەختی عێراق رووی دا و قوربانی هەیە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، تەقینەوەکە کاتژمێر 2:15 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-1-2020 لە گۆڕەپانی خەلانی رووی داوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هۆکاری تەقینەوەی بۆ هەڵدانی نارنجۆکێکی دەستی لەلایە خۆپیشاندەرانەوە بۆ ناو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق گێڕاوەتەوە.
هەروەک فەرماندەییەکە باسی کردووە، بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکەکەوە، ئەفسەرێک و کارمەندێکی ئەمنی بریندار بوون.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسینوز