سەرکردەیەکی سوننەی عێراق: داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەکەین
ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی بەرەی ئینقاز و تەنمیەی عێراقی (سوننەمەزهەب) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، چوار مانگە خۆپیشاندەرانی عێراق دەکوژرێن و کەسیش سزا نادرێ.
ئوسامە نوجەیفی هەروەها رایگەیاندووە، پێویستە حکوومەتی عێراق سنوورێک بۆ توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران دابنێت، ئەگەرنا ناکارایی خۆی رابگەیەنێت و ئەگەر واش نەکات، ئەوا داوای ”پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق دەکەین“.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز