ژمارەیەک هێلیکۆپتەری جەنگی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نیشتنەوە
ئەفسەرێک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاند، درەنگانی شەوی یەکشەممە، ژمارەیەک هێلیکۆپتەری جەنگیی ئەمریکا لەناو کۆمەڵگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی بەغدا نیشتنەوە و دواتر بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە و پاشان ناوچەکەیان جێهێشتوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، نیشتنەوەی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دوای ئەو هێرشە موشەکییە هات کە کرایەسەر باڵیۆزخانەکە، ئەگەری هەیە ئەو هێلیکۆپتەرانە ئەو کەسانەیان گواستبێتەوە کە لەوانەیە لە هێرشەکەدا برینداربوبن.
ئێوارەی یەکشەممەی رابردو، پێنج موشەکی کاتیۆشا کە لە شوێنێکی نادیارەوە ئاراستەکرابون لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتنەخوارەوە.
بەپێی زانیاریەکان، بەهۆی هێرشە موشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لانیکەم سێ کەس برینداربون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
واشنتن، حزبوڵڵای عێراق تۆمەتبار دەکات کە هێرشی موشەکی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجام دەدات، پێشتریش بەرپرسانی باڵای ئەو گروپە چەکدارە چەندین هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئەمریکا کردوەو رایانگەیاندوە، تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەکەنەوە.
لە کاردانەوەی هێرشەکەش عادل عهبدولمههدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایگهیاند، "ئهو كهسانهی هێرشدهكهنه سهر باڵیۆزخانهی ئهمریكا زیان لهبهرژهوهندی وڵات دهدهن، كاریگهری مهترسیداری لێدهكهوێتهوه".
خەندان