عادل عەبدولمەهدی و مایک پۆمپەیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆهاتووە. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیاندا، جەختیان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کردووەتەوە و هەروەها ئیدانەی هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغداکردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا باسیان لەوەکردووە کە دەبێت رۆڵی هێزەکانی عێراق لە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا زیاتر بکرێت، لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت و رێگری بکرێت لەوەی جارێکی دیکە هێرشی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە.
عادل عەبدولمەهدی باسی لە گرنگی هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، رێزگرتن لەسەروەری خاکی عێراق و بڕیارەکانی و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی عێراق کردووە.
لەبەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جیدی لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکە و هەروەها هاوکاربوون لە پارێزگاریکردن لە سەروەری عێراق.