ئەمریكا هەوڵی جیاكردنەوەی ناوچە سوننییەكان لە عێراق دەدات
ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئەی"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمریكا لە ڕێگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەوە دەستی بە هەوڵەكانی كردووە بۆ زیندووكردنەوەی پرۆژەی هەرێمی سوننی لە عێراق، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە چەند هەفتەی رابردوودا شیعەكانی عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا بە بێ سوننە و كورد، دەنگیان بە پرۆژەبڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دا.
بە گوێرەی راپۆرتەكە كە زانیاری لە بەرپرسانی ئەمریكی و عێراقی وەرگرتووە، ئەمریكا هەستی بە لاوازبوونی هەژموونی خۆی لە عێراق كردووە، بۆیە چەند هەفتەیەكە دەستی بە برەودان بە بابەتی دامەزراندنی هەرێمی سوننەكان كردووە لە رۆژئاوای عێراق.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە دووپات كراوەتەوە كە هۆكاری سەرەكیی ئەمریكا بۆ دامەزراندنی ئەم هەرێمە، پرۆژە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە كە لەلایەن شیعەكانی عێراقەوە دەنگی لەسەر درا، كورد و سوننە دژی وەستانەوە.
ئەمریكا پێیوایە دامەزراندنی هەرێمێكی سوننی لە رۆژئاوای عێراق، دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە ئێران، چونكە لە ڕێگەی ئەم هەرێمەوە پردی وشكانیی نێوان ئێران و هاوپەیمانەكانی وەك سووریا و لوبنان و فەڵەستین دەبڕێتەوە. ئەگەر ئەم هەرێمە بەم شێوەیە دابمەزرێ كە ئەمریكا دەیەوێ، ئیتر ئێران ڕێگەی وشكانی بۆ سووریا و دواتریش بۆ كەناری رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەدەست دەدات.
باسنيوز