حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای چین دەگرێتە بەر

حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای چین دەگرێتە بەر
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەم دواییانە لە چین و چەند وڵاتێک سەری هەڵداوە.

محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ لێژنەیەک بە ئامادەبوونی وەزیرانی (دەرەوە، ناوخۆ، تەندرووستی، گواستنەوە و نوێنەرانی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و مانگی سوور) کۆبوونەوەیەک ئەنجام دراوە کە عادل عەبدولمەهدی سەرپەرشتی کردووە.

ڕوونیشی کردەوە کە لێژنەکە گفتوگۆی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و خێرا لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان کردووە و تیمی پزیشکی لە سەرجەم ئەم خاڵانە دانراون کە هەر کەسێک ”بەبێ جیاوازی“ دەپشکنن کە لە چینەوە هاتبێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا چەند ڕۆژێکە بە شێوەیەکی پێشکەوتووتر لەو ڤایرۆسەی پێشتر ناسرابوو، لە چین سەری هەڵداوە و تاوەکوو ئێستا چەند حاڵەتێکیش لە دەرەوەی چین تۆمار کراوە، بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و بەرپرسانی باڵای چینیش باس لەوە دەکەن کە ڤایرۆسەکە بە خێراییەکی لەڕادەبەدەر بڵاو دەبێتەوە.











باسنيوز

Top