ئەعرەجی: کوتلەیەکی گەورە بە نیازە کەسێکی لاواز بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید بکات
بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٠ لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کردووە، هاوپەیمانییەکی سیاسیی کارا، کار لەسەر کاندیدکردنی کەسێکی لاواز دەکات کە ئەو کەسە لە لایەن کوتلەکانی پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراو نییە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئامانج لەم کارە ئەوەیە، کاندیدەکە متمانەی پەرلەمانی عێراق بەدەست نەهێنێت و حکوومەتی ئێستای عێراق لەسەر کارەکانی بەردەوام بێت.
لە دوای خۆپیشاندانەکانی عێراق و پاش بڕیاری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای عەرەبە شیعەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، بە فەرمی دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کشاندەوە، بەڵام تائێستا نەتواندراوە کەسێک دەستنیشان بکرێت کە هەم لە لایەن کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، هەروەها هەم لە لایەن شەقامی عێراقیش پەسەند بێت.
باسنيوز