هێزە ئەمنییەکان هەوڵدەدەن بە بەکارهێنانی هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی بەغدا بکەن
حومەید عەلاوی، خۆپیشاندەر دەڵێ "ئەمە خێوەتی ئەبو عەبدوڵایە و لە رۆژی چلەی ئیمام حوسێن شین بۆ حوسێن دەکەن، کەی حوسێنی وایە لە چلە شینی بۆ دەگێڕن و ئێستا خێوەتەکەی دەسوتێنن، ئایا ئێمە شیعەین یان نا".
خۆپیشاندەران لە گولـلە و گازی فرمێسکڕێژی هێزە ئەمنییەکان هەڵدێن کە لە سەرلەبەیانییەوە دەستیان کردووە بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شەقام و گۆڕەپانانەی کە بەدەست خۆپیشاندەرانەوەیە، بەشێک لە خۆپیشاندەران پێیانوایە هێزە ئەمنییەکان دوای توویتەکەی موقتەدا سەدر کە گوتی هیچ پەیوەندییەکم بە خۆپیشاندانەکانەوە نییە، دەستیان کردووە بە کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان.
عەلی گریعاوی، یەکێکە لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان و دەڵێ "ئەم بەیانییە تووشی شۆک بووم بەم هەواڵە و تەلەفونێک لە نوسینگەی سەید موقتەدا سەدر بۆ هاوڕێیەکی خۆمان هات و پێیگوت لە توویتەکەی سەید تێبگەن".
محەممەد موسا، خۆپیشاندەرێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە ئەوان نیشتمانیان دەوێ و بابەتەکە کەسێک نییە کە گوێڕایەڵیی فەرمانەکانی بین و دەشڵێ "ئێمە بۆ نیشتمان دەرچووین، بەڵام توویتەکەی دوێنێ ئومێدی نەهێشتین".
خۆپیشاندەرێکی دیکە لەبارەی توویتەکەی سەدرەوە گوتی "ئەمە نامەیەکی ئاشکرایە کە گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکان".
دوای نزیکەی چوار مانگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و داخستنی چەندین پرد و شەقامی سەرەکی، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایانگەیاند کە هەریەک لە گۆڕەپانی وەسبە، گۆڕەپانی خەلانی، گۆڕەپانی تەیەران، گۆڕەپانی قرتوبە، شەقامی خێرای محەممەد قاسم، پردی ئەحرار و پردی سەنەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە و بەڕووی هاوڵاتییان دەکرێنەوە.