بەبێ سەرکۆمار هەوڵێکی دیکە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەدرێت
لایەنە سیاسییە شیعەکان هەوڵێکی دیکە بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عادل عەبدولمەهدی بەبێ ئامادەبوونی سەرکۆمار، دەدەن.
بریارە ئەمرۆ چوارشەممە 22-1-2020، سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق، کۆ ببنەوە.
حەسەن ئالی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمان هەوڵ دەدەن تا بەرهەم ساڵحی سەرکۆمار دەگەڕێتەوە، لەسەر کاندیدبوونی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، رێک بکەون.
سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق بەپێی رێککەوتنی پێکهاتەکان بەشی شیعەکانە، بەڵام بەپێی دەستوور، دەبێ سەرکۆمار بۆ پێکهێنانی حکوومەت، رایبسپێرێت.
شەوی سێشەممە 21-1-2020، بەرهەم ساڵح بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێ کەوت.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز