عێراق چەک لە دوو وڵاتی رکابەری ئەمریکا دەکڕێت
عێراق بە نیازە چەک لە سێ وڵات بکڕێ، کە دوو وڵاتیان رکابەری سەرەکیی ئەمریکان.
بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، عێراق هەوڵی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی دەدات.
بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە، عێراق بە نیازە شاند بنێرێتە هەرسێ وڵاتی چین، رووسیا و ئۆکرانیا بۆ کڕینی سیستەمی چاودێریی کامێرایی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە شاندەکان لە پەرلەمان و حکوومەتی عێراق پێک دێن و هەوڵی کڕینی چەکی پێشکەوتوو بە نەوت لە بری پارە، دەدەن.
زیادی پێیوایە بەهۆی پشتبەستن بە رێککەوتننامەی بەغدا - واشنتن، سوپای عێراق پڕچەک نەکراوە و سەرەڕای خەرجکردنی بڕی زۆری پارە، بەڵام چەکی پێشکەوتووی بۆ دابین نەکراوە.
باسنیوز