خۆپیشاندەران جارێکی دیکە ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدایان داخست
خۆپیشاندەرانی دەروازەی بەغدا لە ناوچەی "حوسەینییە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، جارێکی دیکە رێگەی هەرێمی كوردستان و بۆ بەغدایان داخست و هەڕەشەی داخستنی یەكجارەکی دەكەن.
مەحموود ئیبراهیم، یەكێك لە شۆفێرانی رێگەی گەرمیان بۆ بەغدا، ڕاگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 20/1/2020 ،خۆپیشاندەرانی ناوچەی "حوسەینییە" لە نزیك "بوب شام" رێگەی هاتوچۆیان داخست و شۆفێران گیریان خواردووە نازانن چۆن بچنە ناو بەغداوە."
زەنوون عەبدولكەریم، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی شاری خورماتوو، راگەیاند: "زانیاری هەیە كە خۆپیشاندەران بیانەوێت چەند كاتژمێرێكیتر ڕێگەكە بەتەواوەتی دابخەن."
ئەوە جاری یەكەم نییە رێگەی ناوچەی حوسەینیە كە تاكە رێگەی دەروازەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە دابخرێت، ساڵی پاریش جارێك ئەو رێگەیە داخرا.
باسنیوز