سەدر باسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەكات

 سەدر باسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەكات


ئەمشەوی یەكشەممە موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان و فراكسیۆنی ئەلسائیرون داوای لە سەركردایەتی سیاسیی عێراق كرد پەلە بكەن لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ، ئاماژەشی بە مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ كرد لە عێراق.


هەروەك داواشی لە حزبەكانی عێراق كرد چیتر شەڕ لەسەر دەستكەوتە ماڵییەكان نەكەن و وا وڵاتەكەیان لە مەترسیدایە.


سەدر بە شێوەیەكی بەردەوام شەوانە هەمان پەیامی دەیان شەوی رابردوو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر)دا دووپات دەكاتەوە و ئەمشەویش لەبارەی بەردەوامیی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەناو بەرگری كردن لە خۆپیشاندەران گوتی "هیوادارم خۆپیشاندەران ئاشتیخوازانە بجوڵێنەوە و زیان لە ئاسایشی گەل نەدەن و وڵات تووشی مەترسی شەڕی ناوخۆ نەكەن".


سەدر هەروەها نووسیویەتی پێویستە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و خۆپیشاندەرانی تێكدەر لە یەكتری جیابكرێنەوە، هەروەك پێویستیشە حەشدی شەعبی نەخرێنە ناو ڕیزەكانی بەرگرتن لە خۆپیشاندانەكان، چونكە ئەمە بۆ ناوبانگییان خراپ دەبێت.





باسنیوز
Top