لایەنە شیعەکانی عێراق لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عادل عەبدولمەهدی، رێک دەکەون.
ریاز مەسعودی هەروەها رایگەیاندووە، ”لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا“، کاندیدی نوێی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق دیاری دەکرێت، کە خۆپیشاندەران و مەرجەعیەتی شیعەکانیش پێی رازی دەبن.
محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری کوتلەی بینا بەهەمان رۆژنامەی راگەیاندووە، کە لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیی عێراق ”لەم هەفتەیەدا“.
لەبارەی کاندیدەکان، موختار موسەوی، پەرلەمانتاری کوتلەی بینا راگەیاندووە، کە عەلی شوکریی راوێژکاری سەرکۆمار و محەمەد تۆفیق عەللاوی و کەسایەتییەکی سەربازی کاندیدن، بەڵام عەلی شوکری زۆرترین چانسی بوون بە سەرۆکی حکوومەتی نوێی کاتیی عێراقی هەیە.
هەفتەی رابردوو، خۆپیشاندەرانی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار مۆڵەتی یەک هەفتەیان بە حزب و لایەنە عێراقییەکان دا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 20-1-2020 کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی وڵاتەکەیان دیاری بکەن، ئەگەرنا ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەکەن.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز