خۆپیشاندانەکانی عێراق فراوان دەبن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی تەواوبوونی مۆڵەتی خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانەکانی عێراق فراوان دەبن و زانکۆ و فەرمانگەکان دادەخرێن.
هەفتەی رابردوو، خۆپیشاندەرانی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار مۆڵەتی یەک هەفتەیان بە حزب و لایەنە عێراقییەکان دا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 20-1-2020 کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی وڵاتەکەیان دیاری بکەن، ئەگەرنا ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەکەن.
رەوشی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق لەمڕۆ یەکشەممە 19-1-2020:
بەغدا
خۆپیشاندەران بە سووتاندنی تایە، گۆڕەپانەکانی تەحریر، قوڕتوبە و تەیەڕانیان داخست.
ناسریە
لە شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار دەرگای قوتابخانەکان داخران.
نەجەف
خۆپیشاندەرانی شاری نەجەفی سەنتەری پارێزگای نەجەف بە سووتاندن تایە، گۆڕەپانی زەهرایان لە ناوەڕاستی شارەکە داخستووە و بە لەحیم دەرگای فەرمانگەکانی دەوڵەت، گیراون.
سەماوە
لە شاری سەماوی سەنتەری پارێزگای موسەننا، مانگرتنی قوتابییان بەردەوامە و دەرگای زانکۆ و فەرمانگەکان داخراون. هەروەها خۆپیشاندەران بە سووتاندنی تایە، چوارڕیانی سەرەکیی شارەکەیان داخست.
واست
لە شاری واستی سەنتەری پارێزگای واست مانگرتنی زانکۆ و قوتابخانە دواناوەندییەکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت، بەردەوامە
دیوانییە
لە شاری دیوانییەی سەنتەری پارێزگای قادسییەش مانگرتنی زانکۆ و قوتابخانە دواناوەندییەکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت، بەردەوامە.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز