پەرلەمانتارێك: عادل عەبدولمەهدی بەنیازە خۆی كاندید بكاتەوە
د.جمال كۆچەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: "نیازێك لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقەوە هەیە بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران و سەردانەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی دوو پارتی گەورەی هەرێم، پەیوەندیی بەهەمان پرسەوە هەیە، چونكە دەزانێت پشتگیری كورد بۆئەو گرنگە لەو قۆناغەدا".
روونیشی كردەوە" دانانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەڕووی یاساییەوە هیچ كێشەیەكی نییە، چونكە ئەمە لە چەند وڵاتێك رووی داوە و لەڕووی یاسای نێودەوڵەتیشەوە ئاساییە، جگە لە كورد بەشێكی لایەنی شیعە و سوننەش كۆكن لەسەر دانانەوەی ناوبراو".
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاماژەی ئەوەش كرد: "دانانەوەی عەبدولمەهدی لەلایەکی دیکەشەوە هەندێ دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزتر دەكات، چونكە خۆپیشاندەران سەرەتا داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانیان كرد، ئێستا چۆن بەوە رازی دەبن لەسەر دەستی كابینەكەی ئەو سەدان خۆپیشاندەر كوژران و بریندار بوون و رەوشەكەش تەواو ئاڵۆز بووە".
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری عێراق، پاش سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ئاڵۆزی و قەیرانەکانی عێراق و لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران و چەند لایەنکی شیعە دەستی لەکار کێشایەوە.
باسنيوز