سەنتەرێکی ئەمریکی: چوار سزای توند چاوەڕێی عێراق دەکەن

سەنتەرێکی ئەمریکی: چوار سزای توند چاوەڕێی عێراق دەکەن
سەتەرێکی توێژینەوەی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، کە چوار سزای زۆر توند چاوەڕێی عێراق دەکەن.

سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی (ئەتلانتیک کونسوڵ)ی ئەمریکی راپۆرتیکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەگەر بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکرێ، ئەوا ئەو وڵاتە رووبەڕووی چوار سزای زۆر توند دەبێتەوە.

سزاکان بریتین لە؛

- راگرتنی هاوکارییە هەواڵگری و سەربازییەکان و مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان.

- سەپاندنی سزای ئابووری و سڕکردنی پارەی داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا.

- پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵئەمریکا و ئەوروپا تێکدەچن و ئێران زیاتر دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا دەگرێت.

- بڕیارەکە دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکیی پێکهاتەکانی عێراق، چونکە کورد و سوننە لەگەڵ بڕیارەکە نەبوون.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هەرەسهێنان بە ئابووریی عێراقی کردبوو، کە ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیی بدات، ئەوا هەموو پارەی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سڕ دەکرێت.

ئەو هەڕەشەیەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.











باسنيوز


Top