دوو خۆپیشاندەری دیكە لە بەغدا كوژران

دوو خۆپیشاندەری دیكە لە بەغدا كوژران
دوو خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژران و 25ی دیکەش برینداربوون، ھاوكات چالاکوانێکیش رفێنرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان، له‌ پردی سنەك، نزیك گۆڕه‌پانی ته‌حریری شاری به‌غدا، پێكداهەڵپژان و رووبەڕووبونەوە له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منیییه‌كان و خۆپیشانده‌ران روویدا، بەهۆی تەقە و بۆمبی گازی فرمێسکڕێژەوە، دوو خۆپیشاندەر کوژران و 25ی دیکەش برینداربوون.

لەبەرامبەردا، عەبدولکەریم خەلەف گوتەبێژی سەربازی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کەسانی تێکدەر، هەڵیانکوتایە سەر بەربەستەکانی ناوچەی سنەک و هێزە ئەمنییەکانیش رووبەڕوویان بوونەتەوە.

هاوکات، دوای بەجێهشتنی گۆڕەپانی تەحریر و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە رێگا ژمارەیەک چەکداری نەناسراو، چالاکوان ئەحمەد عەلا دەراجییان رفاند و تا ئێستا بێسەرشوێنە.

لەلایەكی دیكە و لە کەربەلا، پۆلیس 5 کەسی بە تۆمەتی دروستکردنی بۆمبی مۆلۆتۆڤ و سووتاندنی باڵەخانە و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی دەستگیرکرد.








K24 -
Top