وەرگرتنەوەی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەوێتە دوای حكومەتی نوێی عێراق
محەممەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لە وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی كوردستان بێهیوا نەبوون. هۆكاری بێدەنگبوونیشیان ئەم ماوەیە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سەرۆكوەزیرانی عێراق بووەتە كاربەڕێكەر.
محەممەد ئەمین فارس ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەكو حكومەتی نوێ دروستنەكرێت، قەرزی گەنمی جووتیاران نادرێتەوە، بۆیە وەرگرتنەوەی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەوێتە دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكوەزیرانی نوێ".
ئەندامەكەی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر هەموو قەرزەكەش پێکەوە نەدرێتەوە، ئەوا هەوڵدەدەن بە چەند قۆناخێك وەریبگرنەوە. تەواوی قەرزەكە 517 ملیار دینارە، ئەگەر بە چەند قۆناخێكیش بدرێتەوە گرفتێك نابێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە دەست لەو قەرزە هەڵناگرین".
حكومەتی عێراق بڕی 517 ملیار دینار قەرزی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی لایە كە هی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016یە و پاساوی حكومەتی عێراقیش بۆ نەدانەوەی ئەو پارەیە ئەوەیە كە لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016دا جووتیارانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە پشكی 17% گەنمیان رادەستی حكومەتی عێراق كردوە.
هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا ئەو پرسە لە بەغدا برایە دادگا و بڕیاری دادگاش لە بەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو قەرزە بداتەوە.