وەزیری دەرەوەی قەتەر ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکرا دەکات
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-1-2020، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە بەغدا.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەکیمی وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد بن عەبدولڕەحمان رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی بریتییە لە دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و ململانیکانی ناوچەکە.
ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ بەغدا دوای سەردانی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، دێت بۆ ئێران.
سەردانەکەی میری قەتەر بۆ ئێران دوای رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکا و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرانی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، هات.
رۆژی شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکاوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.
دوای رووداوەکە، رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەوە، کە ئەگەر هەیە فڕۆکەکە بە هەڵە یەکێک لەو مووشەکانەی بەرکەوتبێ، کە ئێران بەهۆیانەوە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆردومان کرد.
میدیاکانی ئێران ئەوکات بە توندی رەتیان کردەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باسیان لەوە دەکرد، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز