هاوپەیمانییەکەی مالیکی: ئەمریکا رێکخراوە تیرۆریستییەکانی لە عێراق دروست کرد

 هاوپەیمانییەکەی مالیکی: ئەمریکا رێکخراوە تیرۆریستییەکانی لە عێراق دروست کرد


پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەمریکا بە دروستکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق، تاوانبار دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15-1-2020، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات، رایگەیاندووە، رۆژی 24-1-2020، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە سەرجەم شارەکانی عێراق بۆدەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان، بەڕێوە دەچێت.

عالیە نوسەیف پێیوایە ئەمریکا هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی لە عێراق دروست کردووە و لە شارە و ناوچەکان بڵاوی کردوونەتەوە و چەک و پارەی پێداون.

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا ئەبو مەهدی موهەندیس بە پاڵەوانی عێراق شکستهێنان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناودەبات، ”چارەنووسی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەستکردی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئەبو مەهدی موهەندیس شکستهێنان بوو“.

پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.








باسنيوز
Top