عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئێران تۆمار دەکات

 عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئێران تۆمار دەکات


عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمار دەکات.

محەمەد حوسێن بەحرلعلوم، نێردەی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران رەت دەکاتەوە و رێگا نادات خاک و ئاسمانەکەی بکرێتە گۆڕەپانی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران.

محەمەد حوسێن بەحرولعلوم سکاڵای وڵاتەکەی لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران گەیاندووەتە ئەنتۆنیۆ گۆتێرسی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانگ دینە کوی، سەرۆکی ئەم خولەی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

نێردەی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە ئێران بەو هێرشە مووشەکییە، ”سەروەریی عێراقی پێشێڵ کرد و بنەماکانی دراوسێیەتیی باشی بن پێ کرد“.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.







باسنيوز
Top