قادر ئەسعەد درێژترین حەیران و لاوكی بۆ گەڕەكی تەیراوە بڵاو كردەوە

قادر ئەسعەد درێژترین حەیران و لاوكی بۆ گەڕەكی تەیراوە بڵاو كردەوە
قادر ئەسعەد، هونەرمەندی دیاری كورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەشێوەی لاوك و حەیران لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی یوتیوبی خۆی بەناوی (تەیراوە) بڵاوكردەوە، كە ماوەكەی 47 خولەك و 22 چركەیە، ئەمەش بە درێژترین لاوك و حەیران دادەنرێت.
لەمبارەیەوە هونەرمەند قادر ئەسعەد رایگەیاند: «وەك وەفا و دڵسۆزیم بۆ ئەو گەڕەكەی كە تێیدا لەدایكبووم و هەموو تەمەنی منداڵی و لاوێتیم تێیدا بەسەر بردووە، لاوك و حەیرانێكم لەسەر گەڕەكی تەیراوەی هەولێر بڵاوكردەوە، كە باس لە هەموو لایەنەكانی ئەم گەڕەكە دەكات، هەروەها ئەم بەرهەمەوە خەڵكی بە كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكی تەیراوە دەناسێنێت».
سەبارەت بە ناوەرۆكی ئەم بەرهەمەش هونەرمەند قادر ئەسعەد گوتی: «لاوك و حەیرانی تەیراوە، لە نووسین و ئامادەكردنی خۆمە، نەجمەدین بابەكر بە ئامێری كەمان، سەفەر عەلی بە ئامێری جەمبوش، ئازاد خەیلانی بە ئامێری شمشاڵ، یونس باڵەبان بە ئامێری باڵەبان و دلێر بە ئامێری عود بەشداریان لەم بەرهەمەدا كردووە».
دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمەكە نووسەر و رۆشنبیران بە كارێكی نوێ و داهێنان باسیان كرد و دەستخۆشییان لە هونەرمەند كرد، لە هەمان كاتدا چەند تێبینی و سەرنجێكیان خستە روو.

بەرهەمێكە بۆ هەموومان شانازییە
زاهیر عەبدوڵڵا
سەرەتا ماندونەبوون لە هاوڕێی دێرینم هونەرمەند قادر ئەسعەد دەكەم بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە تازەیەی كە بریتییە لە حەیران و لاوكێك لەسەر تەیراوە جوانەكەمان، بێگومان من هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆژەكەیەوە ئاگاداری بووم و چەندین جار بەیەكەوە گفتوگۆمان دەكرد و بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كرد، ناوی كەسایەتی و شوێنە دیارەكانی تەیراوەمان دەستنیشان دەكرد، زۆریش دڵخۆشم كە كۆششەكەمان بەفیڕۆ نەڕۆیشت و ئەم بەرهەمە نایابەی لێ دەرچوو، كە هەموو هەولێر بەتایبەتی تەیراوەییەكان شانازیی پێوە دەكەن، حەز دەكەم ئاماژەش بەوە بكەم كە هیچ بەرهەمێكی هونەری بێ كەم و كووڕی نییە، لەبەر ئەوەی تەیراوە رووبەرێكی فراوانی هەیە و بەسەدان كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و هونەری و سیاسی و وەرزشی و رۆشنبیری و كاسبكار تیایدا ژیاون و گەورە بوون، رەنگە ژمارەیەك ناوی كەسایەتیی بەڕێز لە ژن و پیاو لەبیر كرابن و ناویان لەناو بەرهەمەكە نەهاتبێت، بەڵام ئەمە بەهیچ مەبەستێك نەبووە و تەنیا بەهۆی لەبیر چوون و زۆریی كەسایەتییەكانەوە بووە .
دەكرێ لە بەشی دووەمی ئەم حەیران و لاوكەدا كاك قادر ئەسعەد ناوە لەبیركراوەكان بچەسپێنێ و دڵی ئەوان و خزم و كەس و كوڕ و نەوەكانیان خۆش كات، گرنگ ئەوەیە بەرهەمێكە بۆ هەموومان شانازییە و پیرۆزبایی لە كاك قادر ئەسعەدی هاوڕێم دەكەم .. بەهیوای بەشی دووەم .


(حەیران)ی هونەرمەند قادر ئەسعەد لەسەر گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر و چەند سەرنجێك
رزگار خۆشناو
بە رای من، پێش هەموو شتێك، نیاز لەو كارە هونەرییە، درووستكردنی رێچكەو فۆڕمێكی تازە نییە، زیاتر لەوەی وەفادارییەكی هونەرمەندی ناوبراوە بۆ ئەو گەڕەكەی لێی لەدایكبووە و گەورە بووە، كە لە دوای گەڕەكەكانی قەڵات، دێرینترین و گەورەترین گەڕەكی هەولێرە، خۆشەویستیی ئەو هونەرمەندە بۆ هەولێر بە گشتی و بۆ تەیراوە بەتایبەتی، گەلێك گەورەیە، تا ئەو رادەی كاك قادر ناوی كوڕەكەی ناوە هەولێر، بەو كارە هونەریەشی ئەنجامی داوە وەك داهێنەرێك توانیویەتی بابەتی حەیران و تەیراوە و نەریت و هونەر و زۆر لایەنی دیكەش بكاتە بابەتی دەمەتەقێ و قسەكردن و ئاڵوگۆڕكردنی بۆچوون و را و راكێشانی سەرنجی خەڵك و مدیاو دەزگاو زۆر لایەن و كەسایەتی و هونەرمەند و زۆری دیكەش كە ئێستا بۆتە بابەتێكی گرنگی سەرزاری خەڵك.
حەز دەكەم پێش ئەوەی دەست بە رەخنەی هونەری بكەم، باسی هەندێ شت بكەم، كە بە رای من زۆر گرنگن، ئێمە هەموومان ئێستا لە بارودۆخێكی زۆر دژوار و خراپدا دەژین، بەتایبەتیش بارودۆخی ئەو هونەرمەندانەی كە گوزەرانی ژیانیان لەسەر گۆرانی و موزیكە و ئێستاش بەهۆی ئەو پەتا نەگریسەوە هیچ چالاكییەكی هونەرییان نییە كە ژیانیانی پێ دابین بكەن، ئەنجامدانی بەرهەمێكی وا گەورە لەو كاتە دژوار و هەستیارەدا، هەم لە نووسینی تێكست و هەم موزیك و چڕین و تۆماركردن و وێنەگرتن، كە ئامادەكردن وماندووبوونێكی زۆر بەرچاوی گەرەكە، زۆر جێگای دەستخۆشی و رێزو پێزانینە.
بە رای من شێوەی چڕینەكەی زیاتر حەیرانە، هەر بۆیەش شایانی ئەو ناوە (حەیراوك) نییە، بە شێوەیەكی گشتی ئاستی ئەندازیاریی تۆماركردنی دەنگ باش نییە و وا دێتە بەرگوێ كە ئەو ژەنیارانەی بەشدارییان تێدا كردووە، وەك گرووپێك نین، بەڵكو وەكو ئەوەی هەر یەكەو لە شوێنێك بووبن (تۆزێك سووچی كۆرۆناشی تێدایە) و هەروەها لە كاتی حەیرانچڕین میكسی زۆر باش نەكراوە، هیچ ئامێرێكی موزیك لەگەڵ گۆرانیبێژ ناڕوات و بە دوای ناكەوێت، دەنگی یەكێك لە ئامێرەكان زۆر بە كیبۆرد دەچێت، من لەو بڕوایەدام كە ئەگەر ئەو حەیرانە لەسەر شێوەی كۆن (لە ستۆدیۆ و لەگەڵ ژەنیارەكان لە یەك كات و دەم) تۆماركرابا، ئەوە ئەو بەرهەمە رەونەق و سەنگێكی دیكەی دەبوو و خەڵك زیاتر لە تێكستەكە دەگەیشت و ناوەكانی نێو حەیرانەكە باشتر دەهاتە بەر گوێ، بەهەرحاڵ هەر كەسەو سەلیقەو زەوقێكی هەیە، بەڵام من بەكارهێنانی هەلهەلەی ژنانم زۆر لا باش نییە و بەتایبەتیش زۆر دووبارەكردنەوەی، چونكە بە داخەوە كاك قادر باس لە ئافرەتە ناودارەكانی تەیراوە ناكات هەروەها چەپڵەی درووستكراویش هەندێ جار لە جیاتی دەوڵەمەندكردن بەرهەمەكە دەشێوێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من پیرۆزبایی لە هاوڕێی خۆشەویستم قادر ئەسعەد دەكەم بۆ ئەو كارە جوانەی و ئەو داهێنانەی كە هەست و نەستی هەزاران گوێگر و هەواداری هونەری رەسەنی كوردی دەبزوێنێ و دڵیان خۆش دەكات، تا ئێستا كەس حەیرانێكی ٤7 خولەكیی بەرهەم نەهێناوە و ئەو حەیرانەش دەبێ بچێتە نێو ئینسكلۆپیدیای گینس، هیوادارم كە هونەرمەند كاك قادر ئەسعەد هەمیشە سەركەوتوو و بەردەوام بێت لە كاری هونەری و هەر تەندرووست و تەمەن درێژ بێت.
Top