لوقمان غەریب: سیناریۆی گوڵەكان ناگەشێنەوە واقعییە و لە هەناوی سەدان چیرۆکی کارەساتبار وەرگیراوە

لوقمان غەریب: سیناریۆی گوڵەكان ناگەشێنەوە واقعییە و لە هەناوی سەدان چیرۆکی کارەساتبار وەرگیراوە
فیلمی گوڵەکان ناگەشێنەوە بەرهەمی هاوبەشی ناوەندی گاڤ بۆ بەرهەمهێنانی کاری تەلەفزیۆنیی و سینەمایی کوردی لە سلێمانی، دەزگای سەتەلایتی کوردستان و بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
تاریق كارێزی

لوقمان غەریب سیناریۆ نووس و دەرهێنەری فیلمەکە لەم بارەیەوە وتی: لەمانگی دیسامبەری ساڵی ٢٠١٩ وە سەرقاڵی دروستکردنی ئەم فیلمەین.
فیلمەکە لەجۆری فیلمی درێژی درامی یە و ماوەکەی ٩٠ دەقیقە یە، چیرۆک و ڕووداوەکانی ئاوێتەن لە نێوان دوو مێژووی جیاوازدا کە بۆ هەردوو ساڵی ١٩٨٨ و ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە، تیادا باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازار و ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی هەردوو کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات .
سیناریۆی فیلمە بە تێگەیشتن و جۆرێکی جیاواز مەسەلەی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران بەرجەستە دەکات و چیرۆک و بابەتێکی نوێ دەگێڕێتەوە، دیارە ئەو کارەساتانە هەڵگری سەدان چیرۆکی مەرگەساتبار و تراژیدین کە هێشتا بەداخەوە هیچ کام لە بوارەکانی کەلتوریی بە تایبەت سینەما و چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بەباشی خۆیان لەقەرەی نەداوە ..
فیلمی «گوڵەکان ناگەشێنەوە» بەبەشداریی هونەرمەندانی خاوەن ئەزموون «عەلی کەریم، بەهادین هەڵەبجەیی، تەها داراغایی، جەمیل ئەحمەد» و هەریەک لە هونەرمەندانی ناسراو «ئاواز ڕەحیم، عومەر عەبدوڵلا، حەسەن حەمەساڵح، ئاراز عەبدولرەحمان و شاناز جەمال، سازگار» و هونەرمەندای لاو و ئەستێرەی ئایندە «لاوە بێستون، شێما ڕێبوار و شیراز جەلال» و کۆمەڵێ هونەرمەندی ترە.
بینراوەکانی فیلمی «گوڵەکان ناگەشێنەوە» لە شارەکانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و ئاوایی ڕێژنە و دێوانەی دەڤەری گەرمیان تۆمار کراوە . ئەم فیلمە لەلایەن ستاڤێکی لاوی کوردەوە کاری تەنیک و پرۆداکشنی بۆ ئەنجامدراوە «کامێرا و DOP - بەهمەن سەلاح، یاریدەدەری دەرهێنەر -نڤار لوقمان، مایکاپ ئارتێست - لارا خەبات، سکرێپ و کلاکێت - شایۆ یاسین، درۆن و فلای کام - هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری بەرهەم - کەمال چالاک، محەمەد شوان، مۆنتاژ و مێکساژ - دیار خەسرەو، ترایلەر و پۆستەر - نڤار لوقمان، پرۆدێسەر - لوقمان غەریب».
بڕیارە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە کوردستان تیڤی پەخش بکرێت.
لوقمان غەریب ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا دوو زنجیرە درامای نوێیان بەناوەکانی «شێر و خەت» لە کەناڵی دیمەن تیڤی و «چیرۆکەکانی گەڕەکی ئێمە» لە کوردستان تیڤی پەخش دەکرێت..
لە بارەی پەیامی فیلمەكە لوقمان غەریب وتی: پەیامەکە ئەوەیە کە زۆرجار چارەنووس یان واقیعێکی سەپێنراو دۆخێک بۆ مرۆڤەکان دروست دەکات کە خۆیان پێشتر ڕۆڵیان تیایدا نەبووە. ئەبینیین ئاوارە و هەژار کە دوو تاقانەی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەن و دڵخوازی یەکن، بەهۆێ ئاڵۆزیی و گرێ کوێرەیەکی مێژوویی لەنێوان خانەوادەکانیان لەو ڕووداوانەدا توشی نائومێدی دەبن، دواجاریش کارەسات دەخولقێ..
ئەوەشی خستەڕوو كە سیناریۆکە دەقاودەق واقعییە و لەهەناوی سەدان چیرۆکەوە وەرگێراوە کە زادەی ئەو کارەساتانەن و بە جۆرێک کەفەنتازییا و جوانکاریی و گۆڕینی واقعی ژیانی کاراکتەرەکان لە سیناریۆکەدا بەرجەستە کراوە. ئێمە لە ناوەندی گاڤ بەردەوامیین لەکارکردن چونکە خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لەبەرامبەر بەرهەم و بەخششی زیاتری جدی و ڕەسەن لەناو ئەو فەوزا و بێ سەروبەرییەی کە بەداخەوە بواری هونەریی دراما و فلمسازیی گرتۆتەوە بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بە بینەری خۆمان بڵێن کە هێشتا هەناسەیەک ماوە بۆ بەردەوامیدان بەم جۆرە هونەرە ڕەسەنەی کە ئامانجی پارێزگاری کردنە لەبەها و جوانی و پیرۆزیی و ڕەسەنایەتییەکانی خەڵکی خۆمان، خۆتان دەزانن ئێستا بوارێکی زۆر بۆ بێ بایەخکردنی ژیان بەگشتی و بوارەکانی فلم و دراما بەتایبەتی ڕەخساوە کە دواجار ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەمانان و هونەمەندانی خاوەن پەیام زیاتر دەکات.
لە كۆتاییدا لوقمان غەریب سەبارەت بە كاركردنی ناوەندی گاڤ تەنیا لە سنووری سلێمانی لوقمان غەریب وتی: بۆ چی تەنها لە سلێمانی کاردەکەین هۆکار زۆرە لەوانە زەمینەی سلێمانی لە ڕووی دابینکردنی پێکهاتە هونەرییەکانەوە لەبارترە و ئاسانترە وە هەندێجاریش تێکست و سینارێۆ و چیرۆکی بەرهەمەکان حوکم دەکات و زۆر هۆکاری تریش هەن لە هەموشییان دیار تر ئەوەیە کە بوجەی پرۆژەکانمان سنوردار و کەمن دەسەڵاتی ئەوەمان بۆ فەراهەم ناکات تا بە دەستکراوەی پەل بهاوین بۆ شارەکانی تر بەتایبەت هەولێری پایتەخت، لەگەڵ ئەمەشدا ئەبیین لە ڕووی بەشدارییەوە زۆرترین و دیارترین و ناسراوترین هونەرمەندانی شارەکانی هەولێر و کەرکوک و هەڵەبجە و سلێمانێمان بەشداریی پێکردووە و تێکەڵیەکی سروشتی و جوانمان لە ڕووی پێکهاتەوە لە دراماکاندا پیشانداوە..
Top