فولە: من لە هونەر دوورنەكەوتمەوە بەڵكو دوورخرامەوە

فولە: من لە هونەر دوورنەكەوتمەوە بەڵكو دوورخرامەوە
فولە جەزائرییە..ئەو خانمە هونەرمەندەی كە ساڵی 2018 بڕاریدا بە یەكجاری واز لەكاری گۆرانی بهێنێت, بەڵام دوای یەك مانگ بەسەر ئەو بڕیارەی پاشگەزبووەوەو گەڕایەوە گۆرانی گوتن, جگە لەم بابەتەش چەندین بابەتی دیكە هەن دەربارەی ڕای تایبەتی خۆی لەسەر هونەرمەندانی دیكەو بوونی ناكۆكی لەگەڵ چەند خانمە گۆرانیبێژێك كە لە زۆربەی ڕۆژنامە عەرەبییەكان باسی لێوەدەكرا .

خانمە گۆرانیبێژی جەزائری (فولە)ی تەمەن 60 ساڵ, لە نوێترین دەركەوتنیدا لە كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی چەند زانیارییەكی دەربارەی ژیانی خۆی و هونەرەكەی خستەڕوو .

دوای ئەوەی پێشكەشكارەكە پرسیاری دووركەوتنەوە لە (فولە جەزائرییە) دەكات, فولە دێتە وەڵام و دەڵێت كە ئەو دوور نەكەوتووەتەوە بەڵكو "دوورخراوەتەوە"و ئەو هەرگیز وازی لە هونەر نەهێناوە, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە دووركەوتنەوەكەی بە مەبەست بووەو كەسانێكی دەستڕۆشتوو و خاوەن دەسەڵات دژایەتییان كردووەو دژی ووشەی هەق وەستاونەتەوە, هەر لە درێژەی وەڵامی بۆ ئەو پرسیارە فولە زیاتر ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی بەخەتابار دەزانێت, ئەمەش لەبەر ئەوەی كاتێك بە ڕاشكاوانە شتێكی گووتوە ڕۆژنامەو میدیاكان ڕاشكاویی ئەمیان لەبەرچاو نەگرتووەو ناداپەروەربوونە لە گواستنەوەی پەیامەكەی, هەروەها گلەیی ئەوەی هەبوو كە ماوەیەكی زۆرە هونەرەكەی بایكۆت كراوە, لەم بارەیەوە فولە دەڵێت: (سەرەڕای گرنگی گۆرانییەكانم كە بەچەندین دیالێكت بەرهەم هاتوون و بوونی بەرهەمی تایبەت بە ڕۆڵی ئافرەت و بابەتی گرنگ بەڵام بەرهەمەكانم نێژراون و لە هیچ كەناڵ و تیڤییەك گۆرانییەكانم نمایش ناكرێت) .

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی سەبارەت بە دوورخستەوەی, فولە جەزائریە ئاماژەی بە ئەوەدا كە بەڕێوەبەرێك لە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانەوە پێشتر كاری لەگەڵدا كردبوو هەر ئەویش هەوڵی دوورخستەوەیداوە, هەروەها فولە دەڵێت كە خۆی پەیوەندی بەو بەڕێوەبەرەوە كردووەو ئامادەیی خۆی نیشانداوە بە شێوەیەكی فەرمی داوای لێبووردن بكات تا ئەو سزایەی لەسەر لا ببرێت, بەڵام لە ئەنجامدا داوایەكەی فولە ڕەتكراوەتەوەو هەموو شتێك وەكو خۆی ماوەتەوە .

فولە جەزائریە ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەو چەند جارێك داوای لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وڵاتەكەی كردووە تا گرنگی بە ئامێری میوزیكی بدرێت و هونەرمەندان زیاتر پەناببەنە ئامێری میوزیكییەكان كە وەك چۆن هونەرمەندانی پێشوو بەو شێوەیە كاریان دەكرد, هەروەها ڕایگەیاند كە لایەنی پەیوەندار كەمتەرخەم بوونەو نەبوونی كۆمپانیای فراوان و بەهێزی بەرهەمهێنان كێشەیە بۆ هونەرمەندانی ناوەخۆی وڵاتەكەی .
Top