بۆ یەكەم جار.. فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە) لە كەناڵی كوردستان تیڤی نمایش دەكرێت

بۆ یەكەم جار.. فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە) لە كەناڵی كوردستان تیڤی نمایش دەكرێت
بڕیارە فیلمی سینەمایی كوردی(گوڵەكان ناگەشێنەوە) لە شاشەی كوردستان تیڤی نمایش بكرێت .

لەم بارەیەوە دەرهێنەر لوقمان غەریب لە پۆستێكی نوێیدا لە ڵاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك, پۆستێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی ەوەدا كە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز, فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە) لە شاشەی كوردستان تیڤی نمایش دەكرێت .

فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە) هونەرمەند (لوقمان غەریب) كاری سیناریۆ و دەرهێنانی ئەنجامداوە, هەروەها بەرهەمی هاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەندی گاڤ بۆ بەرهەمهێنانی كاری تەلەڤزیۆنی سینەمایی كوردییە .

ئەم فیلمە باس لە دوو ڕووداوی مێژوویی دەكات كە گەڕانەوەیەكە بۆ ساڵی 1988 و 2012 و نیشاندانی كارەسات و مەینەتی گەلی كورد, كە ئەوانیش ئەنفال و كیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە .

(گوڵەكان ناگەشێنەوە) ئاوێتەی دوو ڕووداوی جیاوازی مێژووییەو باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازارو ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی كارەساتی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات,هەروەها ئەم فیلمە كە ماوەكەی 90 خولەكە ژمارەیەك هونەرمەند و ئەكتەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن لەوانەش, عەلی كەریم-سازگار فوئاد-بەهادین هەڵەبجەیی-لاوە بێستوون-شەیما ڕێبوار-جەمیل ئەحەمەد-حەسەن حەمەساڵح-ئاراز عەبدولرەحمان-شیراز جەلال و چەند ئەكتەرێكی دیكە, هەروەها لە هەڵەبجەو دەربەندیخان و چەند شوێنێكی جیاجیای كوردستان كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە .
Top