دوای كۆچی دوایی فڕۆكەوانەكە ڕەخنەیەكی زۆر ئاراستەی محەمەد ڕەمەزان دەكرێت
ئەم فڕۆكەوانە پێش مردنی باری تەندرووستی تێكدەچێت و بۆ چەند ڕۆژێك لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی قاهیرە دەمێنێتەوە, لەمبارەیەوە (مەجدی حلمی) پارێزەری ئەشرەف ئەبو یوسر ڕایگەیاند كە سەرەتای تێكچوونی باری تەندرووستی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ئەو كێشانەی كە بەم دواییە ڕوویاندا كە ئەنجامەكەشی بە دوورخستەوەی بوو لەكارەكە, هەروەها لەبارەی كێشەو كەیسی ڕووداوەكان لە دادگا, مەجدی حلمی ڕایگەیاند كە ئەم كەیسە داناخرێت و بڕیارەكان دەچێتەوە دەستی میراتگر و كەسانی نزیك لە ئەشرەف ئەبو یوسر .
بەڵام كۆچی دوایی فڕۆكەوان ئەشرەف ئەبو یوسر, دەرگای گلەیی و ڕەخنەی بەشێك لە میدیاكاران و تۆڕە كۆمەڵاتییەكانی بەڕووی (محەمەد ڕەمەزان) كردەوە, ئەویش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی, محەمەد ڕەمەزان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام وێنەیەكی نوێی پشت كامێراكانی زنجیرە درامای(موسا) بڵاوكردەوە, كە ئەمەش نیگەرانی بەشێك لە بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە درووست كرد, بەڵام لە دواییدا محەمەد ڕەمەزان وەكو هاوخەمییەك بۆ ئەو فڕۆكەوانە هەر لە ئەنستگرام وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە هەریەك لە فڕۆكەوانەكەو عەمرو دیاب و دینا شربینی تێیدا بەشداربوون, بەڵام بەهۆی ئەم وێنەیە ڕەخنەیەكی زۆر ئاراستەی محەمەد ڕەمەزان كراو بووە هۆی نیگەرانی بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان, كە لە دواییدا محەمەد ڕەمەزان ناچاربوو وێنەكە لابدات و وێنەیەكی دیكە بڵاوبكاتەوە كە بریتی بوو لە ئایەتێكی قورئانی پیرۆز, ئەویش بەجۆرێك كە كۆمێنتی سەر ئەو پۆستەی داخست .
ئەشرەف ئەبو یوسر كە دەكاتە ئەو فڕۆكەوانەی كە ساڵی ڕابردوو بەهۆی محەمەد ڕەمەزان گۆرانیبێژ و ئەكتەری میسری لەكارەكەی بەیەكجاری دوورخرایەوە كە ئەمەش بووە هۆی دەركەوتن و ناوهێنانی ئەو فڕۆكەوانە لە ڕۆژنامەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا, ئەویش بەهۆی تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە تێیدا محەمەد ڕەمەزان لە شوێنی فڕۆكەوانەكە دەردەكەوێت و ئەو كۆنتڕۆڵی فڕۆكەكەی كردووە لە ئاسماندا, بەڵام بەپێی یاسای فڕۆكەوانی ئەم ڕووداوە بەجۆرێك زیانی بە (ئەشرەف ئەبو یوسر) گەیاند كە بەیەكجاری مۆڵەتی فڕۆكەوانیی لێ وەرگیرایەوەو لەكارەكەی دوور خرایەوە, وە لە دواییدا ڕووداوەكە بووە ناكۆكییەك لە نێوان محەمەد ڕەمەزان و فڕۆكەوانەكە تا ئەو ڕادەی ببێتە كەیسێك و لەدادگا چەند دانیشتنێكی لەسەر بكرێت .