یوسرا لوزی بۆ گوڵان: كچەكەم نهێنی سەركەوتنمە، بۆیە خۆم فێری زمانی ئاماژە كرد تا پێی بڵێم خۆشم دەوێی
* وەك دایكێك هەستت چۆن بوو كاتێك بینیت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گاڵتە بە كچەكەت دەكرێت؟
- هەستی من پێچەوانەی پێشبینییەكانی زۆر كەس بوو، بەتایبەتی جەماوەر و هاوڕێیانم كە بەشێوەیەكی بەرچاو و چاوەڕواننەكراو پشتگیرییان كرد، ئەوەی راستی بێت زۆر كاریگەریی لەسەر من نەبوو، ئەمەش بۆ زۆر هۆكار دەگەڕێتەوە، لەوانە هونەرمەند زۆر جار رووبەڕووی سوكایەتی پێكردن و رەخنە دەبێتەوە، ئەمەش بۆتە كارێكی ئاسایی، پێویستە ژیانی خۆمان بە سرووشتی بەڕێ بكەین و ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەمان لە ئەستۆ بگرین.
* دەتەوێ چی بەو كەسە بڵێیت كە سووكایەتی بە كەسانی دیكە دەكەن؟
- لە راستیدا هیچ وشەیەك نییە بیڵێم، تەنیا ئەو كۆمێنتە نەبێ كە وەڵامی پۆستەكەم دایەوە، من شانازی بەوەوە دەكەم كە دایكی كچێكی نابیستم و دڵنیام كەسێكی سەركەوتوو و رۆشنبیر دەبێت و پشت بە خۆی دەبەستێت، بێ ئەوەی ببێتە بارگرانییەك لەسەر كەس، منیش هەمیشە پاڵپشتی دەبم.
* بیرت لەوە نەكردەوە كە رێوشوێنی یاسایی دژی بگریتە بەر؟
- بیرم لەوە نەكردەوە، نازانم ئەو كەسانە بەرژەوەندییان لە چیدایە، پێموایە ئەمانە لەرووی دەروونییەوە نەخۆشن، من كەسێكی واقعیم و ئەگەر بۆ هەر كۆمێنتێك پەنا بەرمە بەر یاسا، هەموو تەمەنم لە دادگا بە سەر دەبەم، بە پێچەوانەوە هەموو كاتم بۆ كار و ماڵ و كچەكەم تەرخان دەكەم.
* زۆر كەس پاڵپشتییان كردی، پەیامت چییە بۆ ئەو كەسانە؟
- خۆشحاڵیم وەسف ناكرێ بۆ ئەو كەسانەی كە لە رێگای پۆست و كۆمێنت و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانەوە پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی، بە راستی ئەو پاڵپشتییە بۆ من چاوەڕوان نەكراو بوو، ئەوەی روویدا تەنیا بۆ كچەكەی من نەبوو، بەڵكو پاڵپشتی بوو لە كۆمەڵگە بە گشتی، پێویستە بیر لە نەوەكانی داهاتوو بكەینەوە و فێریان بكەین چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرامبەردا بكەن.
* چۆن مامەڵە لەگەڵ (دەلیلە)ی كچت دەكەیت؟
- وا دەكەم هەست بە هیچ كەموكووڕییەك نەكات، بەشێوەیەكی سرووشتی وەك هەر دایكێكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەم و زۆر گرنگی بە لایەنیی دەروونیی دەدەم و چاودێریی هەموو پێشهاتێك دەكەم، ئامادەی دانیشتنەكانی دەبم لەگەڵ هاوڕێ نزیكەكانی كە پێكەوە بەشێوەیەكی رێكوپێك دەچنە قوتابخانە و ئەنجامدانی مەشقی وەرزش، ئەو زۆر پێویستی بە پاڵپشتی منە بۆ روونكردنەوەی زمانی ئاماژە، بەتایبەتی لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا وەك گردبوونەوە و ئاهەنگەكان، چونكە دەلیلە سەرەڕای بچووكی تەمەنیدا زۆر باشە لە خوێندنەوە، پێموایە ئەمە گرفتێكە زۆربەی كەسانی نابیست بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و بەهۆی بەستنی ماسك.
* خەونت بۆ دەلیلە چییە؟
- هیوادارم خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز بێت كە بتوانێت گوزارشت لە كەسایەتیی خۆی بكات و بەرگری لە مافەكانی خۆی بكات، ئاواتەخوازم سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە بەدیهێنانی خەونەكان وەكو بالێ و ئەسپسواری و مەلەوانی.
* لە زۆربەی چالاكییەكانی تایبەت بە كەسانی نابیستدا بەشداریت، ئەمە هیچ یارمەتیی داویت لە باشتر بوونی حاڵەتی كچەكەتدا؟
- ساڵی 2017 بۆ یەمەم جار لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لەگەڵ منە شازلی باسم لە نەخۆشییەكەی دەلیلە كرد، دواتر بەشداریم لە چەندین هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەدا كرد بۆ بەهێزتر كردنی توانای ئەو كەسانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆیان، چونكە تێچووی نەشتەرگەرییەكان زۆرە، هەروەها دوای نەشتەرگەرییش پێویستیان بە چاودێریی بەردەوام و ورد هەیە، دوای ئەوەی بە نەخۆشینی كچەكەمم زانی بڕیارمدا خۆم فێرە زمانی ئاماژە بكەم، حەزم كرد وەك هەر دایكێك بەم زمانە خۆشەویستیی خۆم بۆ كچەكەم دەرببڕم و هەستی خۆمی پێ رابگەیەنم.
* فیلمی (العنكبوت) لەگەڵ ئەحمەد سەقا بە كوێ گەیشت؟
- بەم دواییە وێنەگرتنی تەواو بوو، ئەم فیلمە ئەكشنە باس ململانێی نێوان پۆلیس و مافیا و چەتەكان دەكات، هەر یەكە لە مونا زەكی و زافر عابدین بەشداریی تێدا دەكەن، لە نووسینی محەمەد دایر و دەرهێنانی ئەحمەد نادر جەلالە.