کتێبی (مێژووی گۆرانی و میوزیکی ناوچەی کۆیە) چاپ و بڵاو کرایەوە
لەمبارەوە، وریا ئەحمەد نووسەری کتێبەکە ڕایگەیاند: "ئەو پەرتووکە 420 لاپەڕەیە و لە چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر چاپ کراوە".
وریا ئەحمەد گوتیشی: "پەرتووکەکە بە شێوەیەکی گشتی باس لە مێژووی 100 ساڵی گۆرانی و ئاواز و مەقام لە سنووری شاری کۆیە لە نێوان ساڵانی 1850 بۆ 1950 دەکات".
لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە، نووسەری پەرتووکەکە باسی لەوەش کرد: "لە پەرتووکەکەدا بە وێنەوە باسی جۆرەکانی ئاواز و گۆرانی و مەقامی تایبەت بە شاری کۆیە کراوە کە لەلایەن کێ و لە کوێ و لەگەڵ کێ گوتراون و باسی چییان کردووە و جۆری گۆرانی و مەقامەکان چی بوون، ئەوەش بە ئامانجی بە ئەرشیفکردن و نەفەوتانی ئەو گۆرانی و میوزیکانەیە".
وریا ئەحمەد، هونەرمەندی ژەنیا و ئاوازدانەر جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین گوتار و نووسین، ماوەی سی ساڵە سەرقاڵی نووسین و بڵاوکردنەوەی پەرتووکە و تا ئێستا 10 پەرتووکی نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە.
basnews