نووسەرو ئەدیب(ع.ع.شەونم) كۆچی دوایی كرد
ئەمڕۆ شەممە بەرواری 10/10/2020 عەلی عەبدوڵا ناسراو بە (ع.ع.شەونم) لە تەمەنی 91 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد, ئەم ناودارە یەكێكە لە ئەدیب و نووسەرە هەرە دیارەكانی كورد, وەكو شارەزایەك لە هونەرو ئەدەبیاتی كوردی دادەنرێت .
ع.ع.شەونم لە ساڵی 1929 لە هەڵەبجە لەدایك بووە, ئەم ناودارە جگە لەوەی شاعیر و مێژوونووس بووە, كەسێكی دەنگخۆش و ئاوازدانەر بووەو شارەزایی لە بواری میزیكدا هەبووە, لەپاڵ ئەمەشدا شارەزابووە لە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی, هەروەها توانی ببێتە یەكەم كەس كەلە شاری هەڵەبجە یەكەم گروپی گۆرانی و میوزیكی دابمەزرێنێت .
یەکێک لە هەرە بەرزترین هۆنراوەی نیشتمانی کە بووەتە وێردی سەر زمانی جەماوەری کوردستان، ئەو سروودە بەسۆز و هاندەر و بەتینەیە کە دەڵێت (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە...بە تیشکی ئاگر ئەنوسم جەژنە پیرۆژە..) کە ئاوازەکەشی هەر هی خۆیەتی, ئەم ناودارە هەر لە هەوڵدابووە بۆ ئەوەی بۆشاییەكان لە هونەرو ئەدەبیاتی كوردی پڕ بكاتەوە,كە بەمەش توانی لە زۆربەی بوارە جیاوازەكاندا خزمەتی گەلەكەی بكات بۆیە ئەم شاعیرەو نووسەرە چەندین هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانیشی بەرهەم هێنا .