11 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئه‌رده‌لان به‌كر تێده‌په‌ڕێت

11 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئه‌رده‌لان به‌كر تێده‌په‌ڕێت
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2020/10/10، 11 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هونەرمەندی كورد (ئه‌رده‌لان به‌كر) تێده‌په‌ڕێت .

ئه‌رده‌لان به‌كر كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندو‌ گۆرانیبێژه‌ ناسراوه‌كانی كوردستان داده‌نرێت، له‌ ساڵی 1967 له‌ گه‌ڕه‌كی خانه‌قای هه‌ولێر له‌دایك بووه‌، ئەو هەر له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ خولیای گۆرانی و كاری هونه‌ری هەبوو‌، ئەردەڵان له‌ ساڵی 1986 یه‌كه‌مین ئه‌لبوومی گۆرانیی خۆی به‌ شێوەی كاسێت بڵاو كردەوه, له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕووی كردە دەرەوەی كوردستان و لە ڵاتی سوید نیشتەجێ بوو, تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد هەر لە سوید دەژیا .

ماڵەكەی ئەردەڵان بەكر‌ له‌ سوید به‌وه‌ به‌ناوبانگ بوو كه‌ ماڵی سه‌رجه‌م كوردانی هه‌نده‌ران و هونه‌رمه‌ندان بوو‌، ئەم ناودارە چه‌ند مانگێك پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات، تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ بوو، هه‌ر به‌و نه‌خۆشییه‌ش له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سوید كۆچی دوایی كرد.

ئه‌رده‌لان به‌كر خاوه‌نی پێنج ئه‌لبوومی گۆرانییه‌, توانی خۆی زۆربەی تێكست و ئاوازی گۆرانییەكانی ئامادەبكات, (كچی گاور 1997- بەینۆ 1998- هەورامان 2000- زۆر دەترسم 2003- خەونیك بوو 2007) .

ڕۆژی 2009/10/10، ئه‌رده‌لان به‌كر لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی وڵاتی سوید بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد, دوای چوار ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ی هێنرایه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ گۆرستانێكی هه‌ولێر به‌خاك سپێردرا, ئێستاش به‌شێك له‌ هونه‌رمه‌ندان له‌ ئاهه‌نگ و به‌رنامه‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كان گۆرانییه‌كانی ده‌ڵێنه‌وه‌ .
Top