مەهاباد قەرەداغی بە پەتای كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد

مەهاباد قەرەداغی بە پەتای كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9/10/2020 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی نووسه‌ر و شاعیر و چالاكوانی كورد پاش چه‌ند ڕۆژێك مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد.

نووسه‌ر و شاعیر، چالاكوانی پرسی مافه‌كانی ئافره‌‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان، "مهاباد قه‌ره‌داغی" به‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ چاودێریكردنی و چاره‌سه‌ركردنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ تووشبووانی كۆرۆنا ناسراو به‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیماراتی، له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دواییكرد.

ئەم خانمە له‌ بواری میدیا، شیعر، ئه‌ده‌ب، پرسه‌كانی توندوتیژی، مافی ئافره‌تان كاری كردووە، هەروەها چەندین به‌رهه‌می شیعر و ئەدەبی چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌,له‌ رابردوودا بۆ ماوه‌یه‌ك راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، بۆ كاروباری ئافره‌تان, هەروەها سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری "شكار" بوو، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان و مافی ئافره‌ت. چه‌ندین به‌رهه‌می چاپكراوی له‌ شیعر و چیرۆك و رۆمان له‌ دوای خۆی به‌جێهێشتووه‌ .

هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بەهۆی نالەباری ڕەوشی تەندرووستیی گواسترایەوە نەخۆشخانەو ماوەیەك لەژێر چاودێری ماوەیەوە, بەڵام ئەمڕۆ هەینی 9ی ئۆكتۆبەری 2020 لە تەمەنی 54 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .

مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، له‌ 22/1/1966له‌ شاری كفری له‌دایكبووه‌, ساڵی 1978 ده‌ستی به‌ نوسین كردووه‌, له ئاداری‌ ساڵی 1980 یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری له‌ ڕۆژنامه‌ی هاوكاری بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ده‌سگیر ده‌كرێت له‌ زیندانه‌كانی كفری و به‌عقوبه‌ و به‌غدادو زه‌عفه‌رانیه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیندانی بووه‌, له‌ گۆڤاره‌كانی شاخیش به‌ ناوی خوازراوی "هه‌تاو گه‌رمیانی، ژاڵه‌، به‌رده‌وام، ئاڵا" شیعر و نووسینه‌كانی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌,

مەهاباد قەرەداغی بە نووسینەكانی چەندین ڕۆمان و چیرۆكی بڵاوكردەوە لەوانەش ..

كۆچ- رۆمان- 1993 سوید. ئه‌ڤین ئاوی ژیانه‌- رۆمانه‌شیعر- 1996 سوید و كوردستان. مه‌رگی مرۆڤ و نیوێك- كورته‌ چیرۆك- 2004 كوردستان. ساڵێك له‌ دۆزه‌خ- بیره‌وه‌ری زیندان- 2005 كوردستان. چلچرا- بیره‌وه‌ری- 2006 كوردستان. زه‌نگدانه‌وه‌- رۆمان- 2007 كوردستان .
-له‌تێ پیاو- كورته‌چیرۆك- 2012 كوردستان. فاتیلا- رۆمان- 2017 كوردستان.

هەروەها بەشێك لە لێكۆڵینەوەكانی بریتین لە..

له‌پێناوی ژیانه‌وه‌ی ئافره‌تدا- 1994 سوید. ئازادكردنی مێژوو- 2002 سوید و كوردستان. شه‌ره‌فنامه‌، شه‌رف كۆدێكه‌ بۆ كۆیله‌كردنی ژن- 2003 سوید و كوردستان. زمان و رامان و ناسنامه‌- 2005 كوردستان

-كاره‌ساتی ئه‌نفال، كاریگه‌رییه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی- 2003 سوید.

-ژن و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ قۆناغی باڵنده‌یی شێركۆ بێكه‌سدا- 2004 كوردستان.
Top