نارین فەقێ بۆ گوڵان: كاتی ئەوە هاتووە گرنگی بە موزیكی رەسەنی كوردی بدەین

نارین فەقێ بۆ گوڵان: كاتی ئەوە هاتووە  گرنگی بە موزیكی رەسەنی كوردی بدەین
نارین فەقێ، خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان، لە سەرەتای ساڵەوە نوێترین ڤیدیۆ كلیپی خۆی بڵاوكردەوە، كە یەكێكە لە بەهێزترین پەیامەكانی ئەم خانمە هونەرمەندە لە ساڵی 2020و لە چەند رۆژی رابردووشدا كلیپێكی نوێی بڵاوكردەوە بە ناوی (ئەز و تۆ) كە تا راددەیەك جیاوازە لەگەڵ بەرهەمەكانی پێشووی لە زۆر رووەوە.

دەربارەی كلیپە نوێیەكەی نارین دەڵێ: «لە سەرەتای ئەم ساڵەوە یەكێك لە گەورەترین كارەكانم پێشكەش كرد بە ناوی (ژن ژیانە) كە گوزارشت بووە لە خەباتی ئافرەتی كورد لە هەموو بوارەكانی ژیاندا و بانگەوازێك بوو بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە رەسەنایەتیمان پێویستە لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی جیهان خۆمان بگونجێنین، لە چەند رۆژی رابردووشدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی موزیكەوە بەرهەمێكی نوێم بڵاوكردۆتەوە بە ناوی (ئەز‌ و تۆ) كە بۆ جاری یەكەمە مەقام بە شێوازێكی جوانتر پێشكەش دەكرێ».
نارین فەقێ زیاتر دەڵێ: «تێكست و ئاواز گۆرانییەكە لەلایەن مامۆستا ئەدیب چەلكی ئامادە كراوە، كە چەندین ساڵە خزمەتی هونەر و ئەدەبی كوردی دەكات و، كاری جوان و دانسقەی پێشكەش بە من و زۆر لە هونەرمەندانی هەموو پارچەكانی كوردستان كردووە، منیش حەزم كرد پێشكەوتنێك لە هەنەری رەسەنی میللەتی كورد بكەم و بەرەو ئاستی بەرزتر بە شێوازێكی نوێ و مۆدێرن هەنگاو بنێم. لە ئێستادا زۆر هونەرمەندی نۆێ دەركەوتوون بە ستایل و موزیكی جیا كە لە كوردەوە دوورن، گۆرانی دەڵێن، بە جۆرێك من خۆم هەستم كرد كە ئیدی گوێمان لە هونەری رەسەن دوور دەبێتەوە، گۆرانی (ئەز ‌و تۆ) مەقامێكی رەسەنە، ئەمەش یەكەم جارە مەقام بكرێتە كلیپ كە تییدا سرووشی دڵڕفێی كوردستان زۆر بە جوانی نیشان دەدرێت، لەلایەن كۆمپانیای ئێچ دی ئێم میوزیك پڕۆدەكشن بە سەرپەرشتی دەرهێنەری بە توانا هەژار دهۆكی زۆر بەباشی تۆمار كراوە و عەلی شاكری هاوسەرم كاری ئەرانجمینتی بۆ كردووە».
دەربارەی پەیامی سەرەكیی لەو كلیپەدا نارین فەقێ دەڵێ: «ئەمە هەوڵێكە بۆ ئەوەی گۆرانی و موزیكی رەسەنی كوردی پاك و بێگەرد بە شێوەیەكی جوان پێشكەش بكەم و، گوێچكەی جەماوەری كوردی پێ ئاشنا بكەم و، بە گوێرەی توانا بیانگەڕێمەوە سەردەمی زێڕینی هونەری كوردی، چونكە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە كار و بەرهەمی هونەری پاك هەیە، پێموایە كاتی ئەوە هاتووە، گرنگی بە هونەری رەسەنی كوردی بدەین، بۆیە پەیامی من سەرەتا بۆ هونەرمەندە رەسەنەكانە كە پێویستە هونەری كوردی زیندوو بكەینەوە و نیشانی خەڵكی خۆمان و بیانیی بدەین و، گەنجەكانمان وشیار بكەینەوە لەوەی پێویستە مۆركی هونەری كوردی لە دەست نەدەن، هەروەها پەیامێكم بۆ خانەوادەكانیشیان ئەوەیە كە پێویستە منداڵەكانیان وا پەروەردە بكەن كە گوێ لە بەرهەمی رەسەنی كوردی بگرن و لە رووی هونەرییەوە پەروەردە بكرێن بە هونەری رەسەنی كوردی، ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش زۆر گرنگە لەم رووەوە».
دەربارەی كاریگەری بارودۆخی كوردستان لەسەر هونەری كوردی، نارین دەڵێ: «مخابن لە ساڵانی رابردوو بەتایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بارودۆخی كوردستان ئاڵۆز بوو لە زۆر رووەوە، بواری هونەریش بە گشت لقەكانیەوە بەتایبەتی گۆرانی و موزیك بێ بەش نەبوو لەو كاریگەرییە، ئەمەش لە هەموو لایەكمان دەخوازێت كە بە هەموو هێز و توانایەكمانەوە هەوڵ بدەین هونەری كوردی دووبارە بگەڕێنینەوە ئاستی جارانی و زیاتریش پێشی بخەین و لە كاریگەرییەكانی دۆخی نەخوازراوی كوردستان دووری بخەینەوە و هەوڵی دووبارە زیندوو كردنەوەی بدەین».
سەبارەت بە رۆڵی سۆشیال میدیا لە بڵاوكردنەوەی كارە هونەرییەكان نارین رایوایە «لە دوای ئەو قەیرانەی كۆرۆنا لە جیهان دروستی كرد، رۆڵ و كاریگەرییەكانی سۆشیال میدیا بە باشی دەركەوتن، كە رۆڵێكی ئەرێنیی هەیە لە پێشخستنی هونەر، هونەرمەندانی جیهان سۆشیال میدیا بە گشتی و یوتیوبیان بەتایبەتی كردە سەكۆیەك بۆ نیشاندانی بەرهەمەكانیان و بینەرانی یوتیوب لە سەرتاسەری جیهان زیادیان كرد، تەنانەت لە رووی ماددیشەوە توانییان هاوكاری زۆر پەیدا بكەن بۆ كارەكانیان.
نارین تیشك دەخاتە سەر كاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر بڵاوبوونەوەی هونەری رەسەنی كوردی و دەڵێ: «بەداخەوە ئێمەی كورد نەمانتوانیوە وەك پێویست بۆ پێشخستنی هونەرەكەمان سوود لە سۆشیال میدیا وەربگرین، بەتایبەتی بەشێكی زۆری گەنجەكانمان، چونكە ئیستا كەسانێكی زۆر گۆرانی دەڵێن بە ستایلی جیاواز و بێ ئەوەی هیچ سانسۆرێكیان لەسەر بێت و، لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەنەوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر گەنجان هەیە، بۆیە پێویستە گەنجەكانمان لەسەر خۆشویستنی هونەری رەسەنی كوردی و گوێگرتن لێی پەروەردە بكەین».
Top