مەی حەریری: لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بڕوام بە شانس هەیە
خانمە هونەرمەندی لوبنانی مەی حەریری، سهرهتا تیشک دەخاتە سەر هونەر بە گشتی بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ و ههر لهو بارهیهوه دەڵێ: «ئێستا خەڵك حەز لە شتی خێرا دەكات، جاز و پۆپ و رۆك ئەمانەی دەوێ، بەڵام ناتوانین بڵێین سەردەمی هونەری پێشوو بەسەر چووە، هەرچەندە من لەو سەردەمەی ئێستادا دەژیم، بەڵام یەكێكم لەو كەسانەی كە زۆر حەز لە دەنگ و گۆرانییەكانی لەیلا موراد و گۆرانییە كۆنەكان بگرم، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە هونەرمەندانی ئێستا لە ئاستێكی بەرزدا نین، بە پێچەوانەوە ئێستا هونەرمەندی زۆر بە توانا هەن كەواتە هونەر هەر بەردەوامە، بەڵام هونەری ئێستا لق و پۆپی زۆری لێ بووەتەوە و فراوان بووە ئەمە سەبارەت بە هونەری گۆرانی گوتن».
سەبارەت بە هونەری رەسەنیش دەڵێ: «ئەو هونەرەیە كە هونەرمەندێك بەڕێز پێشكەشی دەكات رێزی خۆی و ئەو هونەرەی پێشكەشی دەكات دەگرێت، هونەری نارەسەنیش ئەوەیە كە كەسانێك بە ناوی هونەرەوە شتی سووك پێشكەشی دەكەن كارەكان لە ئاستێكی ئەوەندە نزمدان كە مرۆڤ رووی نییە تەنانەت سەیریشیان بكات». سەبارەت بە ناکۆکیی نێوان هونەرمەندان و هێرشکردنە سەر یەکتری، مەی حەریری دەڵێ: «من دوورم لەو شتانە و حەز ناكەم بچمە نێو ناوەڕۆكیانەوە و باسیان بكەم، بەڵام هەست دەكەم لە ئەنجامی ئیرەیی بە یەك بردنی هونەرمەندان ئەو ناكۆكییانە دروست دەبن، زۆر ئاساییە كەسێك رەخنە لە كاری هونەرمەندێك بگرێت، بەڵام بە مەرجێك ئەم رەخنەیەی لە پێناو پێشخستنی كارەكەی و دووبارە نەكردنەوەی ئەوە هەڵانە بێت كە پێشتر لە بەرهەمەكانیدا بەدی كراون».
سەبارەت بە مەرجەکانی سەرکەوتنی هونەرمەندان بەتایبەتی ئافرەتان مەی تیشک دەخاتە سەر هەوڵی هەر هونەرمەندێک بۆ سەرکەوتن و دەڵێ: «هەندێك كەس هەن كە ناتوانن لە بواری هونەریدا سەركەوتوو بن و شوێنی خۆیان بكەنەوە، بۆ ئەوەی سەرنەكەوتنی خۆیان دابپۆشن و لە سەركەوتنی هونەرمەندانی تر كەم بكەنەوە ناچار دەبن ئەم جۆرە قسانە بكەن، من بە ئەرك و ماندوو بوونی خۆم گەیشتوومەتە ئەو ئاستەی ئێستا كەسیش ناتوانێ نكۆڵی لەوە بكات یان پێم بڵێ ئەوەی بەدەستت هێناوە بە ئەرك و ماندوو بوونی خۆت نەبووە، چونكە باش دەزانن من چیم كردووە تا بتوانم بەردەوام بم، لەوانەشە ئافرەتی وا هەبن بەو كاری وا پێشكەشی دەكەن كە جەماوەر بە كاری نەشیاو و قێزەوەنی ناو ببات و نەتوانن بەردەوام بن و كارەكانیان هیچ مەرجێكی هونەری تێدا نەبێت ئەمانە دەرفەتیان بە كەسانێك دابێت ئەو جۆرە قسانە بكەن».
مەی لەو بارەوە زیاتر دەڵێ: «پێویستە هەموو كەسێك كاتێك قسەیەك دەكات، یان لێدوانێك دەدات، سەبارەت بە هەر شتێك سەرەتا دەبێ بە ئینسافەوە قسە بكات و بێلایەن بێت و لە هەمان كاتدا خەمخۆری ئەو شتە بێت كە رەخنەی لێدەگرێت و زیاتر مەبەستی پێشخستنی بێت، ئەگینا نابێتە رەخنە بەڵكو من بە دژایەتیكردنی دەزانم، كەس ناتوانێت حاشا لە هونەری لوبنانی و رەسەنایەتی گۆرانی و موزیكی لوبنانی بكات و وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد ئێستا هونەری لوبنانی قۆناغی زۆری بڕیوە و پێشكەوتووە، سەبارەت بەوانەی كە بە (جەستە گۆرانی دەڵێن) منیش دەڵێم كەسانێكی وا هەن لەوانەیە رۆژێك لە رۆژان منیشیان بەوە تاوانبار كردبێت، بەڵام هونەری رەسەن و پاك و ئەوەی دەچێتە ناخی جەماوەرەوە هەر بە زیندوویی دەمینێتەوە و شوێنی خۆی لە نێو دڵی جەماوەر دەكاتەوە، من ناڵێم ئەو دیاردەیە نییە، بەڵێ لە لوبنان و لە زۆر شوێنی دیكەی جیهانیش ئەمە هەیە، بەڵام جەماوەر هونەری راستەقینە جیا دەكاتەوە لە هەر هونەرێكی دیكە و تەنانەت ئەوانەی كە دەستخۆشیش لەو ئافرەتانە دەكەن كە بە جەستە گۆرانی دەڵێن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن ئەوانیش بڕوایان بەو جۆرە كارانە نییە و تەنیا بۆ كاتێكی كەمی دیاریكراوە رەنگە دەستخۆشییان لێ بكەم، كە ئەویشیان لە دڵەوە نییە، بۆیە ئەو جۆرە گۆرانیبێژانە دیاردەیەكی كاتین و ناتوانن بەردەوام بن، تەنانەت ئەگەر هەموو پشتبەستنیشیان بە جەستە و خۆدەرخستنیش بێت».
ئایا شانس رۆڵی لە سەركەوتنی هونەرمەندان هەبووە؟ مەی حەریری لە وهڵامی ئهو پرسیارهدا دەڵێ: «بێگومان هەر مرۆڤێك لە ژیان لە خۆشی و ناخۆشییەكانی ژیان بێ بەش نییە، ئەمەش قسمەتێكە و بۆی دیاریكراوە، من وەك مرۆڤێك زۆر بڕوام بە شانس هەیە، لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، چونكه جاری وا هەبووە زۆر یاوەرم بووە و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە سەركەوتنم، جاری واش هەبووە لێی بێ بەش بووم لە كاتێكدا زۆر پێویستم پێی بووە».
سەرچاوە: صدى البلد